تمەنێکی زۆر لەناو بازاڕی سلێمانییە
هۆشداری لەکڕینی تمەن دەدرێت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
شکانی بەهای دراوی تمەنی ئێرانی ریکۆردی مێژوویی خۆی بە پێنج ملیۆن تمەن بەرامبەر هەر سەد دۆلارێک تۆمار کرد، شارەزایانی دروایش هۆشداری لەکڕینی دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023، تمەنی ئێرانی گەورەترین شکانی تۆمار کرد و پێنج ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی بوو لەبازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان.
ئامانج میرزا، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە لەشاری سلێمانی و 32 ساڵە ئەو کارە دەکات، بە تۆڕی 964ی وت، تمەنێکی زۆر لەناو بازاڕە و تەنانەت ئێرانییەکانیش مامەڵەی پێوە ناکەن.
بەبڕوای ئەو خاوەن نووسینگەیە، ئەو شکانەی تمەن بەرامبەر دۆلار بۆ گرتنی رێگەکانی رۆیشتنی دۆلارە بۆ ئێران، هەروەها چاپکردنی تمەنێکی زۆرە بە بەردەوامی.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، تەنیا لەساڵی 2021 بۆ 2022 بڕی 44 ترلیۆن تمەن چاپکراوە.
ئامانج میرزا، پێشبینی دەکات بەهای تمەن زیاتر بشکێت و هەر 100 دۆلارێک بەهاکەی بگاتە حەوت ملیۆن تمەن، داوا لە خەڵک دەکات خۆیان لەکڕینی تمەن بەدوور بگرن.