سەندیكای كەركوك بۆ 964 دەدوێت
بە سەدان رۆژنامەنوس لە كەركوك تاقیكردنەوەیان ئەنجام دا
محەمەد فاتیح
لە كەشێكی ئارام و هێمن دا، بە سەدان رۆژنامەنوس لە شاری كەركوك تاقیكردنەوەیان ئەنجام دا، بۆ بە ئەندام بوون لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق و پلە بەرزكردنەوەی ئەوانەی ئەندامن.
ئەمڕۆ شەممە 2.8.2025 تاقیکردنەوەی لێهاتوویی پیشەیی بۆ رۆژنامەنوسان لە شاری کەرکوک لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی کەرکوک، بەسەرپەرشتی لیژنەی تاقیکردنەوەکانی لێهاتوویی پیشەیی لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی عێراق ئەنجام درا، بەمەبەستی وەرگرتنی ئەندامێتی نوێ و گۆڕینی ناونیشانەكان و پلەبەرزكردنەوە.
مەڕوان عانی، سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عێراق لقی كەركوك، بەخێرهاتنێكی تایبەتی 964ـی كرد بۆ تاقیكردنەوەكە و دەڵێت، شەرەفمەندبوین بە هاتنتان و باسی لەوە كرد ئەوەی دڵخۆشكەر بوو بۆ تاقیكردنەوەكە، بە سەدان كەس ئامادەبون و هەموو رەنگەكانی كەركوكی لەخۆگرتبوو.
“عەدنان لەفتە، سەرۆكی لیژنەی تاقیكردنەوەكە و ئەندامانی لیژنەكە بە تایبەتی لەبەغداوە هاتبوون و ئەو كەسانەی لە تاقیكردنەوەكان دەردەچن، دەبێت كەسانی لێهاتوو و خاوەن ئەزمون و پڕ رۆشنبیری بن و پرسیارەكانیشمان لە واقیعی راگەیاندنەوە هەڵبژاردووە”.
بەشداربووان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی، كه لە کەشێکی پیشەیی و بە ئاستێکی بەرزی چاودێری تاقیکردنەوەکەیان ئەنجام دا و تاقیکردنەوەكەش لەسەر خواستی بەشداربووان دێت، بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسان و پێگەی خۆیان بگۆڕن بە مەبەستی گەیشتن بە خەونەکانیان.
لیژنەی تاقیکردنەوەکان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانى ناوەندی گشتی بەپێویستی زانی ستانداردە پیشەییەکان و دابینکردنی لایەنە لۆجستییە پێویستەکان جێبەجێ بكرێن وتاقیکردنەوەکە بە هاوکاری لقی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كەركوك و راگرایەتی کۆلێژی راگەیاندن لە زانکۆی کەرکوک و کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی ڕێکخرابوو.
پرسیارەكان لە 964 بخوێنەرەوە
