ئاوی سلێمانی دەڵێت: تێستی بۆرییەكە دەکرێت نەشکاوە
هێڵی پەرەپێدانی بۆری ئاوی دوكان بۆ سلێمانی وەكو فوارە ئاوی لێدەڕژێت
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوڵاتیانی گوندی كانی خان چەند گرتە ڤیدیۆیەکیان بۆ 964 نارد گوایە بۆڕی ئاوی دوكان – سلێمانی شكاوە بەڵام وتەبێژی ئاوی سلێمانی رەتیدەكاتەوە بۆرییەكە شكابێت و دەڵێت، تەنیا تێستی هێڵی پەرەپێدانی دوكان – سلێمانییە.
ئامانج جەلال، وتەبێژی ئاوی سلێمانی بە 964ی وت، ئێمە لە ئێستادا لە تێستی بۆری هێڵی پەرەپێدانی دوكان بۆ سلێمانی داین، ئەو لێچوونەی كەهەیە تەقین نییە و تەنیا تێستی ئەو بۆرییەیە و بۆ زیادكردنی گواستنەوەی ئاوە لەهێڵی 1ی دوكان – سلێمانی.
وتیشی “لەئێستادا هیچ گرفتێكمان نییە و ئاو وەكو پێشوو دەگاتە سلێمانی و دابەشكردنی ئاو لە گەڕەكەكانی سلێمانی نەوەستاوە”.
لای خۆشییەوە مەحمود محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دوكان بە 964ی وت، دڵنیایی دەدەین كە بۆرییەكە نەتەقیوە و ئەوەی هەیە لەئەنجامی تێستی بۆری هێڵی پەرەپێدانی دوكان – سلێمانی دروستبووە، لە ئاستی جۆینەكانی هێڵەكە لێچوون دروست بووە.
بەڕێوەبەری ئاوی دوكان ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەسەر هێڵین و ئاگادارمان كردونەتەوە و تیمەكانیان دەگەنە شوێنەكە و گرفتەكە چارەسەر دەكەن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن