بە چی مردووە؟
كۆردۆ عەبدوڵا لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی گیانی لەدەست دا
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
كۆردۆ عەبدوڵا، كە وەك شاعیرێك لە سلێمانی ناسراو بوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناو مزگەوتی گەورە گیانی لەدەست دا.
بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان بۆ 964، كوردۆ لە مزگەوت بە مەبەستی پشوودان لەوێ بووە و خەوی لێكەوتووە، بەڵام زۆر ماوەتەوە و هاوڵاتیانی ئەوێ كاتێك هەوڵ دەدەن بەخەبەری بێننەوە، دەبینن گیانی سپاردووە.
پەیامنێری 964 پرسیاری هۆكاری گیانلەدەستی لە پزیشكی دادی سلێمانی كرد، بەڵام هێشتا هۆكاری گیانلەدەستدانی كۆردۆ دیار نییە.
كۆردۆ بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی پێشتر لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە و قسە دەكات، كێشەی خێزانی هەبووە و لە منداڵەكانی بێبەش بووە، بۆیە هەمیشە وەك كەسێكی خەمبار دەردەكەوت و شیعری جوانیشی دەهۆنییەوە، كە گوزارشت بوون لە ژیان و خەمەكانی.
هاوكات 964 ویستی لێدوانی كەسوكارەكەی وەربگرێت، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون قسە بكەن.
نوێکرایەوە 7:17
بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادی سلێمانی کوردۆی شاعیر بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست داوە و کەسێکی نزیکی شاعیرەکەش بە 964ـی وت، کوردۆ بۆ نوێژی عەسر لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بووە، دوای ئەوە سەر خەوێکی شکاندووە و لە خەودا جەڵتە لێیداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا