"جموجۆڵی بازرگانی مەرزەکە ئاساییە"

بارهەڵگرانی مەرزی کێلێ مانیان گرتووە و هیچ بارێک ناگوازنەوە

ژێوار خدر

بارهەڵگرانی مەرزی کێلێ مانیان گرتووە و ئەمڕۆ هیچ بارێکیان نەگواستووەتەوە بۆ دیوی ئێران و بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی کێلێش دەڵێت، “جموجۆڵی بازرگانی مەرزەکە ئاساییە و بارهەڵگرەکان بار بارناکەن، گفتوگۆش کراوە و نزیکین لە چارەسەر.”

عەباس عەزیز بەڕێوەبەری مەرزی کێلی بە 964ـی وت، ئێمە وەک مەرزەکە هیچ کێشەیەکمان نییە و بارهەڵگرانی مەرزەکە خۆیان مانیان گرتووە و ئەمڕۆ هیچ بارێکیان لە مەرزەکەوە نەگواستووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە دیوی وڵاتی ئێران قەپانێک دانراوە و پارەی عێراقی لە بەرامبەر قەپانکردنی بارەکانیان لە بارهەڵگران وەردەگیرێت، ئەوانیش ناڕازین و دەڵێن پێویست ناکا ئێمە پێش گومرگکردن پارە بدەین.

وتیشی، ئێستا خەریکی گفتوگۆن و خەریکە کێشەکە چارەسەر دەکرێت و چاوەڕی دەکرێ لە چەند کاتژمیری داهاتوودا بارهەڵگرەکان دەستبکەنەوە بە جموجۆڵی ئاسایی خۆیان.