عێراق

پەرلەمان و سەرۆكەكەی وتەبێژیان نییە

ئەرسەلان عەبدوڵا

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مەحمود مەشهەدانی رایگەیاند، ئێستا هیچ وتەبێژێکی فەرمی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەران نییە. داواشیان لە میدیا و سۆشیال میدیا کردووە، وردبینبن و تەنیا پشت بەو لێدوانانە ببەستن کە لە لایەن بەشی راگەیاندن یان پەیجی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانەوە دەردەچن.

نووسینگەكە لە راگەیاندراوێكدا، كە شەوی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، جەخت لەوە دەكاتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێک دەگرنەبەر، كە بەبێ مۆڵەتی فەرمی بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان بكات.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان، دکتۆر مەحمود ئەلمەشهەدانی، سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاگادار دەکاتەوە، کە ئێستا هیچ وتەبێژێکی فەرمی بۆ پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان نییە.

“ئەگەر هەر کەسێک یان قەوارەیەک بانگەشەی ئەوە بکات کە وتەبێژی فەرمی سەرۆکی پەرلەمان یان پەرلەمانە، ئەوا رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، چونکە ئەو جۆرە ئیدیعایە پێشێلکارییەکی یاسایی و سووکایەتیکردنە بە متمانەی دامەزراوەی یاسادانان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسەی ئەو كارەە بكات، بكەوێتە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی”، لە راگەیاندراوەكەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتووە.

هەروەها نووسینگەكە لینكی فەیسبووكی فەرمیی سەرۆكی پەرلەمانی داناوە، كە ئەمەیە.