"یاسا لەسەرووی هەموانەوەیە"
لە موسڵ هاوڵاتيیەك پۆلیسی هاتوچۆ غەرامە دەکات
964+
محەمەد فاتیح
ئەمجارەیان هاوكێشەكە پێچەوانە بۆیەوە و هاوڵاتییەك لە شارى موسڵ، سزای دارایی بۆ پۆلیسی هاتوچۆ دەنووسێت.
لە ناوچەی كۆمەڵەی رۆشنبیری لە شاری موسڵ، هاوڵاتییەك سزایەکی دارایی رەمزی خستەسەر ئۆتۆمبێلێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەسەر رێگاكە رایگرتبوو.
هاوڵاتییەكە سزاکەی بەم شێوەیە نووسیوە:
“25 هەزار دينار غەرامە بۆ ئەم ئۆتۆمبێلە، كە ئۆتۆمبێلی هاتوچۆیە، چونكە سەرپێچیكردووە و لە شوێنێكی نایاساییدا رایگرتووە، دەبێت لە ماوەی 48 كاتژمێردا غەرامەكە بدەیت، ئەگەر دوا كەویت، دەبێت بە دووهێندە… یاسا لەسەرووی هەموانەوەیە”.
ئەم رووداوە، كاردانەوەیەكی زۆری هەبوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییكان و زۆرینە وا لێكیاندایەوە، كە دەربڕینێكی ئاشتی خوازانە و هۆشیارانەیە، بۆ رەتكردنەوەی سەرپێچیكردن و بانگەشەیەكیشە، بۆ رێزگرتن لە یاسا لەلایەن هەمووانەوە.