لۆ خۆشى
پەیامى شوانێک بۆ باوکى؛ ئەگەر ژنم لۆ نەینى مەڕەکان دەدەم بە خەڵک
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە چەند رۆژى رابردوودا، بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆى شوانێک بووە ترێندى سۆشیال میدیا، شوانەکە لە ئەکاونتى خۆى لە تیکتۆک ڤیدیۆیەک بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت،” پەیامێک بۆ باوکم، ئەگەر ژنم لۆ نەینى هەر سەیارەیەک لێرەوە تێپەڕى دوو مەڕى دەدەمێ”.
هەر زوو ڤیدیۆکە بووە ترێندى سۆشیال میدیا و هەزاران بینەرى هەبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە عەبدولعەزیز خالند، پەیامنێرى 964 لە دەشتى کەندێناوە سەردانى شوانەکەى کرد و لەبارەى ڤیدیۆکەوە قسەى لەگەڵ کرد.
شوانەکە ناوى هێرش گەردییە و تەمەنى 20 ساڵە، وەکخۆى دەڵێت لە تەمەنى نۆ ساڵییەوە گۆچانى هەڵگرتووە و بووە بە شوان و ناتوانێت بەبێ مەڕەکانى هەڵبکات.
لەبارەى ڤیدیۆکەوە هێرش وتى،”ئەمن لۆخۆم لەکن مەڕى بوو، لۆخۆشى ڤیدیۆیەکم کرد و لە تیکتۆک تەقییەوە، ئێستا رۆژانە 10 تەلەفونم لۆ دێت و وازملێناهێنن و داواى مەڕم لێدەکەن”.
لۆ خۆشى وام وت
هێرش کە دەچێتەوە ماڵێ باوکى لەبارەى ڤیدیۆکەوە قسەى لەگەڵ دەکات، وەک هێرش بە 964ـى وتووە، باوکى وتویەتى،”کوڕم ئەوە چت کردووە ئەگەر ژنت دەوێ چ زۆرە ژن زۆرە داوا بکە تا لۆت بێنم”.
لە 964ـەوە هێرش پەیامێکى بۆ ئەو کەسانە نارد کە بەتەماى مەڕەکانن و وتیشى،”کاکە هەر لۆخۆشى ئەو ڤیدیۆیەم کردووە و مەڕ نادەم بە کەس، چونکە بەبێ مەڕەکان هەڵناکەم”.
باسى لەوەشکرد، هەتا سێ چوار ساڵى تر نیازى ژنهێنانى نییە، بەڵام دڵخۆشە بەوەى ڤیدیۆکەى بووە بە ترێند کە وەکخۆى دەڵێت،”تەقییەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح