بۆ ئاودانی باخچە و پارکەکان
شارەوانی بۆ شۆفێری تانکەرەکان: وەرن بە کرێ کارمان بۆ بکەن
ژووری هەواڵ
شارەوانیی سلێمانی تانکەر بەکرێ دەگرێت بۆ ئاودانی پارک و باخچە و بلوارەکانی راپەڕین و بەکرەجۆ و تاسڵوجە، بۆ ئەو مەبەستە تەندەرێکی بڵاوکردوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.7.2025، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ ئاودانی دار و سەوزایی نزیکەی 900 باخچە و پارک و بلواری شەقام پێویستیان بە ژمارەیەک تانکەر هەیە ئاویان بۆ دابین بکات.
لەبارەی بڕی کرێی مانگانەی تانکەرەکان، زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، “هەرکات هاوڵاتی تەندەر وەردەگرێت، زانیاری لەسەر بڕی کرێکەی دەزانێت”.
شارەوانیی سلێمانی کۆمپانیا و بەڵێندەران دەتوانن تانکەرەکان دابین بکەن، بە مەرجێک ناسنامەی وەزارەتی پلان دانان و مۆڵەتی دابین کردنیان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی یان مۆڵەتی گواستنەوەیان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هەبێت.
تانکەرەکان ئاو بۆ 16 بنکەی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی دابین دەکەن کە 560 باخچە و 330 بلواری ناوەندی و ژمارەیەک پارک لەخۆدەگرێت.