هەولێر تەحەدای وشكەساڵی دەكات

پرۆژەيەكی ئاو كێشەی كەمئاوی دەیان گوند چارەسەر دەكات

محەمەد فاتیح

هەرچەندە وشكەساڵی زۆربەی ناوچەكانی جیهانی گرتووەتەوە و هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەو ناوچانە، بەڵام پڕۆژە ستراتیژییەكانی ئاو لە هەولێری پایتەختی هەرێم لە تەواو بوندان، بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هاونیشتیمانیان.

کارکردن لە پرۆژەی ستراتیژیی و گرنگى ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر، بەردەوامە و لە ئێستاشدا 60٪ـی کارەکانی تەواوبووە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواوبکرێت.

پارێزگای هەولێر باس لەوە دەكات، پرۆژەکە، یەكێكە لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكانى شارى هەولێر و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووک دابین دەكرێت و لە سێ وێستگەی سەرەكی پێكدێت و رۆژانە 3 هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو لە ڕووبارەكە وەردەگرێت.

پرۆژەی ئاوی قوشتەپە، توانای بەرهەمهێنانی سێ‌ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە بەگوێرەی ستانداردە عێراقی و جیهانییەكان و بە تەواوبوونى كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەبێت و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنورە فراوانەی دەوروبەری شارى هەولێر.

لە 2024.9.17، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەکە بە گوژمەی ( 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار) دانرا، سەرەڕای پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، كە بە تەواوەتی چارەسەری كەمئاوی شاری هەولێر دەكات.