كەلار خرایەسەر نەخشەی گوگڵ
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
لەمەودوا دیمەنی شەقامەکانی کەلار بەگۆشەی 360 پلە لە گۆگڵ ماپ ببینە.
پڕۆژەی گۆگڵ ستریت ڤیو، یەکێکە لەخزمەتگوزارییەکانی گۆگڵ،بەشێوەیەکی فەرمی لەساڵی2007 لە ئەمریکا بڵاوبۆتەوە، بەکارھێنەر دەتوانێت ئەو شوێنەی مەبەستێتی زیادی بکات لە نەخشەکە.
پڕۆژەکە 10 رۆژە دەستیپێکردوە، لەماوەی چوار مانگ سەرجەم شەقامە سەرەکی و نیمچە سەرەکیەکانی قەزای کەلار، تۆمار دەکرێن.
دیار کەریم، گەنجێکی دانیشتوی کەلارە و جێبەجێکاری پرۆژەی گۆگڵ ستریت ڤیو لە کەلار، بە تۆڕی964 وت”بە ھەماھەنگی لەگەڵ شارەوانی کەلار دەستمان بە تۆمارکردنی دیمەنی شەقامەکانی کەلار کردوە لەسەر نەخشەی گۆگڵ، لەماوەی چوار مانگدا سەنتەری شاری کەلار زیاد دەکەین، پێشتر ھەوڵی تاکە کەسی ھەبووە لە شارەکانی تر، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەشێوەیەکی فەرمی و ھەموو شەقامەکان تۆمار دەکرێن”
وتیشی”تاوەکو ئێستا 30%ـی شەقامەکان تۆمارکراون، ئەگەر ھاوکاری مادی بکرێین دەتوانین ناحیە و قەزاکانی دیکەش تۆمار بکەین”.
وێنەی شەقامەکان بەکوالێتی (5.7k) تۆمار دەکرێن، ئەو کەسانەی لەشارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتن یاخود ئەو گەشتیارانەی سەردانی کەلار دەکەن لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە دەتوانن سەیری شەقامەکان بکەن، ئەو جێگەی بۆی دەڕۆن بە ئاسانی بیدۆزنەوە.