بارسێلۆنا ناتوانێت مێسی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ریزه‌كانی

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی، رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە بۆ بەدیهێنانی خواستی خۆی بۆ گەڕاندنه‌وەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزه‌كانی.

گرێبەستی مێسی لەگەڵ پاریس سان جێرمان، لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و تا ئێستا یاریزانه‌كه‌ هه‌موو پێشنیارەکانی نوێکردنەوەی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

بە گوێرەی تۆڕی “لی 10 سپۆرت”ی فەڕەنسی، یانەی بارسێلۆنا ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ خه‌رجیی مووچه‌ی یاریزانه‌كانی بۆ 200 ملیۆن یۆرۆ كه‌م بكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، به‌ربه‌ستی دارایی بارسێلۆنا، وا ده‌كات یانه‌ی پاریس سانجێرمان ئاسووده‌بن له‌وه‌ی مێسی ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بارسا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌گه‌ر مێسی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌كه‌شی رازیی بێت، هێشتا هه‌ر زۆرترین مووچه‌ له‌ بارسا وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی یانه‌ی بارسێلۆنا و ئامانجه‌كه‌ی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی مووچه‌ی یاریزانه‌كانی.

ئه‌مه‌ باسه‌ له‌ كاتێكدایه‌، هه‌فته‌ی رابردوو باوكی مێسی، كه‌ بریكاری كوڕه‌كه‌یه‌تی، له‌ بارسێلۆنا بوو، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ گفتوگۆیه‌كی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مێسی بۆ تیپه‌كه‌ی پێشووی كردبێت.