"هەڵەی شارەوانییە و خۆیشیان قبوڵیان کردووە"

سیاجێک کێشەی لە نێوان دانیشتووانی دوو گەڕەک لە هەولێر دروستکردووە

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

سیاجێک کێشەی لە نێوان دانیشتووانی دوو گەڕەکی گوندی کۆری و قەرەبووی گوندی کۆری لە هەولێر دروستکردووە و دانیشتوویەکی گوندی کۆریش دەڵێت، هەڵەکە شارەوانی کردوویەتی.

هەفتەی رابردوو سەردار ئەحمەد خاوەنی یەکێک لە خانووەکانی قەرەبووی گوندی کۆری بە 964ـی وت، نزیکەی مانگێکە ماڵیان چۆڵ کردووە، لەبەر ئەوەی بەهۆی دروستکردنی سیاجێک رێگای سەرەکیان لێگیراوە، بۆیە هەندێک جار، خێزان و منداڵەکانی ناچاربوون بۆ کڕینی پێداویستی لەنێو گوندی کۆری، بەسەر دیوارەکەدا باز بدەن، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە خێزانەکەی حەملی لەدەست بدات.

ئەمڕۆ جارێکی تر پەیامنێری 964 چووەوە ئەو شوێنە و عومەر حەسەن دانیشتووی گوندی کۆری دواند، ئەو دەڵێت، “ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ئەو سیاجەش بە رەزامەندی حکومەت و لایەنی پەیوندیدار و لەسەر خەرجی خۆمان دروست کراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زەویانە دەرگایەکی فەرمیان بۆ کراوەتەوە، سەرەتاش بە رەازمەندی شارەوانی قەرار بوو پێنج مەتریان پێبدرێت، بەڵام ئەوان وەک دانیشتووانی گۆندی کۆری 20 مەتریان لە شەقامەکە پێداون و سێ رێگای دیکەشیان بۆ هاتوچۆ هەیە.

“هەشت خانوو کەوتۆتە سەر ئەو جادەیە و ئەوەش هەڵەیەکە شارەوانی کردوویەتی و قبوڵیشیان کردووە کە هەڵەیە، دەبوو ئەو هاوڵاتییەش خانووەکەی دروست نەکردایە، قەرەبوویان دەدایەوە، بەڵام بەئومێدی ئەوەی خانووەکەی بکەوێتە سەر گوندی کۆری پەلەی کردووە و دروستی کردووە”، عومەر حەسەن وای وت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی بە عەبدوڵا شەمسەدین، بەڕێوەبەری شارەوانی دوو لە هەولێر کرد، ئەو وتی، “ئەو زەوییانەی دەکەونەسەر قەرەبووی گوندی کۆری، یاسایین، رێپێدراون و هیچ کێشەیەکیان نییە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری