بەپێی پێویستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت

ئەنجومەنی وەزیران شێوازی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەکان دەگۆڕێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رێکارەکانی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان توندتردەکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتووە.

لیژنەکە لە ئەندامیەتی هەریەکە لە، دەستەی وەبەرهێنان، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی پلاندانان پێکهاتووە.

ساڵی 2022 دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 89 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکاندا.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی بەشی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی 964ی راگەیاند “لیژنەکە بەپێی پلان و خواست و پێویستی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، بڕیار لەسەر پڕۆژەکان دەدات.

بە پێی پلانی نوێی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەودوا هیچ وەبەرهێنێک راستەوخۆ پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەی لێ وەرناگیرێت، بەڵکو حکومەتی هەرێم خۆی پڕۆژە پێویستەکان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە پێشنیار دەکات و وەبەرهێنەران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنیان.

“ئاسانکاری زیاتر بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاری و پەروەردەیی دەکرێت، چونکە ئەوە کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە” هەڤاڵ سدیق وای وت.