پڕۆژەى ئاوى بۆگد...وێنە: بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کۆیە
پڕۆژەى بۆگد
دواى 13 کاتژمێر؛ لە کۆیە دابەشکردنى ئاوى ماڵان دەستپێدەکاتەوە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە رایگەیاند، دوای 13 کاتژمێر کارکردن بە مۆلیدە، کارەبای نیشتمانی بۆ پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە گەڕێندرایەوە و لە کاتژمێر 4:30ـی ئێوارەوە دەست بە دابەشکردنی ئاو دەکرێتەوە.
وەک ئەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکە باسى کردووە، لە کاتژمێر 1:30ـی شەوی رابردوو، بەهۆی لەکارکەوتنی وێستگەی کارەبای ناحیەی ئاشتی، کارەبای سەرەکی پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە بڕاوە.
” بۆ ماوەی 13 کاتژمێر، پڕۆژەکە بە مۆلیدە کاری کرد و ئەو ئاوەی لە حەوزەکانی هەیبەسوڵتان و کێلەخوارە گلدرابووەوە، بەسەر بەشێک لە شاری کۆیەدا دابەشکرا”، ئاوى کۆیە وا دەڵێت.
جەختیش دەکاتەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای کۆیە و کۆنترۆڵی هەولێر، دوای هەوڵێکی زۆر، لە کاتژمێر 4ـی ئێوارە توانیان کێشەکە چارەسەر بکەن و کارەبای نیشتمانی بۆ پڕۆژەکە بگەڕێننەوە.
بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کۆیە لە رێگەى پڕۆژەى ئاوى بۆگد و تەقتەق و سێ بیر، لە هەر کاتژمێرێکدا هەزار و 675 مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنرێت و بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرێت.
بەپێى لێدوانێکى پێشووى بهڕێوهبهرى ئاوى كۆیه کە بۆ 964 داویەتى، زیاتر له 18 ههزار و 300 هاوبهشی ئاو لهناو سهنتهرى قهزاى كۆیه لهسهر هەر دوو پڕۆژەى ئاوى تەقتەق و بۆگد، ئاویان پێدەدرێت.