هەزاران ماسیشیان لە مردن رزگاركرد

هاونیشتیمانیان خۆیان لە وشكەساڵیدان و ئاو بۆ ئاژەڵەكان دابين دەكەن

964+

محەمەد فاتیح

هەرچەندە وشكەساڵی و كەم ئاویی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام هاونیشتیمانیان خەمی خۆیان لەبیر كردووە و خەم لە ئاژەڵ و باڵندەكان دەخۆن و چەندین گۆلە ئاويان بۆ دروستكردن.

جێگای خۆشحاڵی و دەستخۆشیيە، كه زۆربەی هاووڵاتيیان، سروشت و ژینگەيان خۆش دەوێت و بەوپەڕی توانا پارێزگاری لە ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان دەکەن  و هاوڵاتیيان و گوندنشینانی هەردوو گوندی (قامیشە لە قەزای دووکان و شێخ مەنسور لە ناحیەی خەلەکان ) خۆبەخشانە و لەسەر ئەستۆی خۆیان، هەستان بە دروستکردنی چەند گۆلە ئاوێک و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكات کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تەکیەش هەستاون بە دروستکردنی چەند گۆلە ئاوێک بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان تا لەم وەرزی گەرما و وشکە ساڵیيەدا ئاوی خواردنەوەی پێویستيان هەبێت.

له پێنجوێن بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە چەمی پێنجوێن و دابڕانی چەند گۆمێکی بچوک مەترسی لەناوچوون لەسەر ژمارەیەکی زۆری ماسی قەبارە جیاواز دروست بوو ، بەڵام لەلایەن مەفرەزەیەکی هاوبەشی نێوان بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن و بنکەی ناڵپارێز به هاوکاری ژمارەیەک لە هاوڵاتیيانی هەستان بە گواستنەوەی هەزاران ماسی لە چەمی پێنجوێن بۆ چەمی گۆڵێ.

لە 16.6.2025 ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی هۆشداری دا لەوەی رووبەڕوی دۆخێکی نەخوازراو بووینەتەوە کە وشکەساڵییە و هەموو هەوڵی خۆمان بەکاردێنین بۆئەوەی لە وەرزی هاویندا ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و ئاودانی باخ و سەوزاییەکانیش دابین بکەین و هەروەها رێگەش بگرین لە بڵاوبوونەوەی پەتای سکچون و رشانەوە و ڤایرۆسی کۆلێرا.