بیر لێدەدەن

ئومێد خۆشناو: ئەمساڵیش هەولێر لە وشكەساڵیدا دەبێت


كوردستان ئەحمەد
پارێزگاری هەولێر دەڵێت ئەمساڵیش هەولێر لە ناو وشكەساڵیدا دەمێنێتەوە و 20 ملیاریشیان بۆ رووبەڕووبوونەوە داناوە.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی، پلانیان هەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی و كەمئاوی، ئاوی ژێر زەوی و سەرزەویش كەمبووەتەوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی، پلانێكی ستراتیژی درێژخایەنیان هەیە بۆ چارەسەركردنی وشكەساڵی و كەمئاوی، كە بریتییە لە تەرخانكردنی 20 ملیار دینار بۆ كەمئاوی و نۆژەنكردنەوەی بیرە كۆنەكان و لێدانی چەند بیرێكی نوێ.

هەروەها لە پلانی درێژخایەندا لە هەولێر، چوار بەنداو دروست دەكرێن، كە بریتیین لە بەنداوی چەمرگە،  کە کارەکانی تەواو بووە و دەكەوێتە دەشتی هەولێر نزیك بێستانە، بەنداوی گۆمەسپان كە لە٪60 ی تەواو بووە و دەكەوێتە نزیك بناری سەفین و بەنداوی بەستۆرە، كە رۆژی شەممە 24.6.2023 بەردی بناغەی دانرا و دەكەوێتە نزیك كۆمەڵگەی بەستۆرەوە، هەروەها بەنداوی مەنداوە كە هێشتا دەست بە دروستكردنی نەكراوە.

لەلایەكی دیکەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە 964ی وت، پێش دە ساڵ لە هەولێر بە پەنجا مەتر بیر، ئاو دەردەهات، بەڵام ئێستا دەبێت 300 مەتر زەوی هەڵبكەنیت، ئینجا دەگەیت بە ئاو.

لە وەرزی هاویندا، لە چەندین گەڕەك و ناوچەی هەولێر كێشەی كەمئاوی روودەدات، ساڵانەش چەند پلانێك بۆ رووبەڕووبونەوەی كەمئاوی دادەنرێت.