"كه‌س لێم ناپرسێته‌وه"
ئەو ژینگەپارێزەی یه‌ك ملیۆن فلته‌رى جگه‌ره‌ى کۆکردبووەوە وازی لە كارى ژینگەپارێزی هێنا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
سۆران دڵپاك، یه‌كێك له ژینگه‌پارێزه دیاره‌كانى ئیداره‌ى سه‌ره‌بخۆى راپه‌ڕین واز له كاره خۆبه‌خشییه ژینگه‌پارێزییه‌كه‌ى هێنا كه ماوه‌ى 15 ساڵه خه‌ریكه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه نه‌خۆش كه‌وتووه و هیچ كه‌سێك لێی نه‌پرسیوه‌ته‌وه.
سۆران حسێن عه‌بدوڵا، ناسراو به سۆران دڵپاک، ده‌رچووى زانكۆیه له به‌شی ژینگه، له ناحیه‌ى چوارقوڕنه‌ى ئیداره‌ى راپه‌ڕین داده‌نیشێت و جگه له كاره به‌رده‌وامه ژینگه‌پارێزییه‌كانى به‌وه‌ش ناسراوه كه توانى یه‌ك ملیۆن فلته‌رى جگه‌ره‌ى جگه‌ره‌كێشه‌كانى رانیه له شوێنه گشتییه‌كان كۆبكا‌ته‌وه.
له گرته ڤیدیۆیه‌كدا، سۆران وازهێنانى خۆى له‌و كاره خۆبه‌خشییه راگیه‌اند و ده‌ڵێت، هیچ كه‌سێك لێی نه‌پرسیوه‌ته‌وه كه به‌هۆى كاره‌كه‌یه‌وه نه‌خۆش بووه و نه‌خۆشییه‌كه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ده‌ست و قاچێكی و به‌شێكی جه‌سته‌ى دروستكردووه.
سۆران، به 964ـى وت “له‌مه‌ودوا كارى خۆم ده‌كه‌م بۆ بژێوی ژیانى خۆم و خێزانه‌كه‌م و چیتر ئه‌و كاره خۆبه‌خشییه ناكه‌م كه هیچ كه‌س و لایه‌نێك لێم ناپرسێته‌وه”.
پێشتر سۆران به 964ـى وتبوو، له‌ساڵى 2010 ـه‌وه خه‌ریكى كاری ژینگه‌پارێزییه‌و كارى جۆراوجۆریشی كردووه به‌ڵام سه‌ره‌نجڕاكێشترین كارى پاككردنه‌وه‌ى پاشماوه‌ى جگه‌ره‌كێشه‌كانه.
له‌و ماوه‌یه‌ى ده‌ستى داوه‌ته كارى ژینگه‌پارێزى جگه له كۆكردنه‌وه‌ى فلته‌رى جگه‌ره‌كان، كارى پاككردنه‌وه‌ى سه‌رشه‌قامه‌كان و مه‌زراو مه‌نهۆڵیش كردووه و وه‌كو هاوكارییه‌كیش قوتابخانه‌كانى خاوێن كردووه‌ته‌وه.
پێشتر 30 رێزلێنانى له‌لایه‌ن فه‌رمانگه و شوێن و كه‌سایه‌تى جیاوازه‌وه پێشكه‌ش كراوه و به‌مه‌ى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕینیش رێزلێنانه‌كانى ده‌بێته 31 دانه.