کە وتیان مەولود یەعنی هەولێر

لە یەک دوکان 150 سینی پاقلاوە بە رادان دراوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەم ئێوارەیەوە دوکانەکانی شیرینی لە هەولێر بەر ناکەون، هەر خەڵکەو نۆرەیان گرتووە بە سینی پاقلاوە بکڕن و بیبەخشنەوە، یەکێک لە دوکانەکان لە ئێستاوە بۆ سبەی داوای 150 سینی پاقلاوەی لێکراوە.

پەیامنێری 964 لە هەولێر ئەم ئێوارەیە چوو هەندێ لە دوکانەکانی شیرینی گەڕا بزانێت حاڵیان چۆنە، تەماشای کرد بەرناکەون و نۆرە گیراوە بۆ پاقلاوە.

یەکێک لە دوکانەکان کە خاوەنەکەی عیماد فارسە، وتی: ئەگەر رۆژەکانی دیکە 10 سینی پاقلاوەمان فرۆشتبێت، ئەم رۆژانە دەگاتە 500 سینی هەر خەڵکە و دەیکڕن و بۆ مەولود دەیبەخشنەوە، لە ئێستاوە 150 سینی بۆ سبەی بە رادان دراوە.

سبەی سێشەممە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەرە، جا هەولێر بەوە ناسراوە لە زەمانی زووەوە بایەخێکی تایبەت بە بۆنەکە دەدەن و خەڵک شیرینی دەبەخشنەوەو خێر دەکەن، بە تایبەتی لە ناو بازاڕ یەکپارچە شار بۆنی مەولودی گرتووە.

هەر لەبەردەم ئەو شیرینی خانەیە باوک و کوڕێک وەستابوون بۆ ئەوەی شیرینی بکڕن، عەبوود سەعید قسەی بۆ مایکی 964 کردو وتی ”هەموو ساڵێک من شیرنی دەکڕم و دەیبەخشمەوە”، محەمەدی کوڕیشی بۆ خۆشی دەیوت سبەی 62 پاقلاوە دەخۆم.