لە هەولێر دەمی نەخۆشانی تالاسیما شیرین کرا

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 18ی شوباتی 2023، لە شاری هەولێر ژمارەیەک موزیکژەن و خۆبەخش بە شیرینی دەمی نەخۆشانی تالاسیمایان شیرین کرد و بە موزیک ساتێک نەبوونی دەرمان و ئازارەکانیان بیربردنەوە.

خەڵات عەلی، رێکخەری چالاکیەکە بە تۆڕی 964ی راگەیاند “ئەمڕۆ لە سەنتەری تالاسیما، بە شیرینی و دیاری دەمانەوێت هەندێک لە ئازار و نارەحەتی نەخۆشەکان کەمبکەینەوە، چونکە دەزانین لە کەشێکی ناخۆشدان، ئەمە جگە لەوەی سیمینارێکی تایبەت لەلایەن توێژەرانی دەروونی پێشکەش بەدایک و باوکان دەکەین”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی 964، رۆژانە 40 بۆ 50 بوتڵ خوێن لە بانکی خوێن بۆ سەنتەری تالاسیمای هەولێر دەنێردرێت و رۆژانەش 30 بۆ 45 نەخۆش لەو سەنتەرە خوێن وەردەگرن.

حاجی ئیسماعیل باوکی یەکێک لە نەخۆشانی تالاسیما، بە تۆڕی 964ی وت “هەبوونی ئەمجۆرە چالاکییانە گرنگن بۆ نەخۆشەکان، دەبێتە هۆی لەبیرچوونەوەی نەخۆشییەکەیان، بەڵام ئەمە ساڕێژی ئێمە ناکات، چونکە بەڕاستی زۆرجار دەرزی و چارەسەری پێویست نییە، هەر ئەمڕۆ دەرزی دیسپراڵ نەبووە بۆ نەخۆشەکان”.

گروپی “بەخشەر چاکەکارە” لە کۆمەڵێک خانم پێکهاتووە، هەر جارە و هاوکاری شوێنێک دەکەن، بۆ ئەمڕۆش بە دیاری و شرینی، 50 نەخۆشی تالاسیمایان بەسەرکردەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر