وەزارەتی ناوخۆ بۆ گیان لەدەستدانی هاوڵاتییەکەی وەرتێ:

“مافی هەموولایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت”

964+

شۆڕش قادری

وەزارەتی ناوخۆ کەسوکاری ئەو هاوڵاتییەی لە خۆپیشاندانەکەی وەرتێ گیانی لەدەستدا، دڵنیادەکاتەوە کە، مافی هەموولایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، “شەوی یەکشەممە 13.7.2025 بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتییان لە سنوری ناحیەی وەرتێ / ئیدارەی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا هاوڵاتییەک بە ناوی حەسەن رەحمان بووەتە قوربانی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە،  دەستبەجێ لایەنە پەیوەنددارەکان راسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوەکردن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی.

وەزارەتی ناوخۆ هاوڵاتیان و کەسوکاری قوربانییەکە دڵنیا دەکاتەوە کە مافی هەموو لایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت.

شەوی رابردوو دانیشتوانى ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دژی کەمی کارەبا خۆپیشاندانیان کرد، دواتر خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گولـلە، گیانى بەخشى.