"جگە لە سەرانە هیچ شتێکی تر نییە"
جوتیارانی پێنجوێن دژی عەلوە تازەکە و وەرگرتنی پارە لێیان گردبوونەوە
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەشێک لە جوتیارانی پێنجوێن دژی عەلوە تازەکە و وەرگرتنی پارە لێیان گردبوونەوە و دەنگی ناڕەزاییان هەڵبڕی.
بەختیار قادر سەرۆکی ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن بە 964ـی وت، “لەڕێی وەبەرهێناوە عەلوەیەک کراوەتەوە و لاریشمان نییە و حەزمان بەوەیە کە کاری یاسایی بکرێت، بەڵام هێشتا عەلوەکە نەکراوەتەوە، وەک گومرگ سەیتەرییەکیان داناوە و دوێنێ شەو، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک 80 بۆ 150 هەزار دیناریان وەرگرتووە”.
“کەس نازانێت ئەو پارەیە بۆ وەردەگیرێت، لەراستیدا جگە لە سەرانە هیچ شتێکی دیکە نییە”، بەختیار قادر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی رابردوو بەهەوڵی ئاسایش و قایمقامی پێنجوێن ئەو بازگەیە لابراوە، بەڵام پێیان وتراوە ئەمشەو بۆیان دادەنێنەوە.
ئارام مکڵی یەکێک لە جوتیارانی پێنجوێن، بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی دەباتە دەرەوە، ئەو بە 964ـی وت، “جوتیاران خۆیان رزقەکەیان ساغ نابێتەوە و هەرشتێکیش پارە بکات بە قاچاغ دەیهێنن، بە هەموو جوتیارەکانمان وتووە هەر کەس پارە بدات لە ئێمە نییە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ سێشەممە 15.7.2025 عەلوەیەکی نوێ و مۆدێرن بۆ جوتیاران لە پێنجوێن بکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری