رۆژى جیهانى رووبەڕووبونەوەى خۆڵبارین

ساڵانە 2 ملیار تۆن لم و خۆڵ دەچنە بەرگەهەواوە

وریا فەتاح

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO) لە نوێترین راپۆرتى خۆیدا ئاشکراى کردووە کە زریانی لم و خۆڵبارین زیانی گەورە بە تەندروستی و ئابووریی وڵاتان دەگەیەنن و کاریگەرییەکانیان لە زیادبووندایە، دەشڵێت: ساڵانە بەهێندى کێشى 307 هەڕەمى جیزە تۆز و لم بەرەو بەرگەهەوا بەرز دەبێتەوە.

ئەمڕۆ 12ـى تەمووزى 2025، رۆژى جیهانى بەرەنگاربوونەوەى خۆڵبارینە.

رێکخراوى کەشناسى جیهانى لە نوێترین راپۆرتى ساڵانەیدا، مەترسى و کاریگەرییەکانى  خۆڵبارینى بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:

_ دیاردەی لم و خۆڵبارین کاریگەری لەسەر نزیکەی 330 ملیۆن کەس لە 150 وڵاتی جیهاندا هەیە.

_ ساڵانە نزیکەی 2 ملیار تۆن لم و خۆڵ دەچنە بەرگەهەواوە، کە ئەم بڕە یەکسانە بە کێشی 307 هەڕەمی گیزا.

_ زیاتر لە 80%ـی ئەم تۆز و خۆڵە لە بیابانەکانی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوە دەگرێت و دەتوانێت بە هەزاران کیلۆمەتر بگوێزرێتەوە بۆ کیشوەر و زەریاکانی دیکە.

لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە کە بەڕێوەبردنی نادروستی سەرچاوەکانی ئاو و خاک، وشکەساڵی و تێکچوونی ژینگە، هۆکارى سەرەکین بۆ خۆڵبارین.

کاریگەرییەکان لەسەر عێراق و ناوچەکە بەپێى راپۆرتەکە:

لە ساڵی 2024دا، عێراق، کوەیت، قەتەر و نیمچە دوورگەی عەرەبی رووبەڕووی زریانێکی خۆڵبارینی زستانە بوونەوە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر کایەکانی ژیان هەبوو، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی قوتابخانەکان و دواخستنی چالاکییە گشتییەکان عێراق بە یەکێک لە 10 وڵاتە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت لە رووی گۆڕانی کەشوهەواوە و زریانی لم و خۆڵبارین بوونەتە کێشەیەکی تەندروستیی گشتی.

زیانە تەندروستی و ئابوورییەکان:

زیانە تەندروستتییەکان:

ئاماژەیەکی نوێ کە لەلایەن رێکخراوی کەشناسیی جیهانی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە (WHO) دانراوە، دەریخستووە کە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022، نزیکەی 3.8 ملیار کەس (نیوەی دانیشتووانی جیهان) بەرکەوتەی ئاستی بەرزی تۆز و خۆڵ بوونە کە لە ستانداردی سەلامەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی زیاتر بووە. ئەمەش 31% زیادبوون نیشان دەدات بەراورد بە ساڵانی 2003 بۆ 2007.

زیانە ئابورییەکان:

زیانە ئابوورییەکان زۆر جار بە کەم مەزەندە دەکرێن. بۆ نموونە، لە ئەمریکا بە تەنها، زیانەکانی تۆز و خۆڵبارین لە ساڵی 2017دا بە 154 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، کە چوار هێندەی ساڵی 1995ـە.

سێلێست ساولۆ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی دەڵێت: “زریانی لم و خۆڵبارین تەنها مانای پیسبوونی پەنجەرە و تاریکبوونی ئاسمان نییە، بەڵکو زیان بە تەندروستی و کوالێتی ژیانی ملیۆنان کەس دەگەیەنێت و ملیۆنان دۆلار زیانی ئابووری بەهۆی پەکخستنی گواستنەوەی ئاسمانی و زەمینی، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزەی خۆرەوە هەیە.”

بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سەوزی عێراق کە دەزگایەکی چاودێری کاروباری ژینگەیە، لە ئاسارى ئەمساڵ بڵاوى کردەوە کە عێراق رۆژانە نزیکەى یەک ملیۆن دۆلار زیانى پێدەگات بەهۆى خۆڵبارینەکانەوە.