نزیكه‌ى یه‌ك كیلۆمه‌تره‌

بەشە ناخۆشەکەی رێگای گەلی عەلی بەگ نۆژەن دەکرێتەوە


ئاکام غەفور- سۆران

بەشە ناخۆشەکەی رێگای گەلی عەلی بەگ كه‌ نزیکەی یه‌ك کیلۆمەتر ده‌بێت نۆژەن دەکرێتەوە، چونكه‌ چاڵ و چۆڵی زۆرى لێ دروست بووبو، چەند ساڵێکە نۆژەن نەکراوەتەوە.
ئه‌م به‌شه‌ى رێگاكه‌، له‌ نزیکی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌کو ده‌گاته‌ یەکەم پردی رێگاکە، قیرەکەی هەڵدەگیرێت و دوبارە قیرتاودەکرێتەوە، ئیتر ئەمسەر بۆ ئەمسەری رێگاکە خۆش دەبێت بۆ شۆفێران.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بە 964ـی وت، زیاتر لە 800 مەتری رێگاكه‌ نۆژەن دەکەنەوە، لە سەر بودجەی بەڕێوەبەرایتیەکەیانه‌، داوا لە شۆفێرانیش دەکات ئەو دوو رۆژە هاوکاریان بن و لەم شوێنەش خێرایان کەم بکەنەوە.
وتیشی “لە سێ ساڵی رابردوو تەواوی رێگای گەلی عەلی بەگ نۆژەن کراوەتەوە، تەنیا ئەو بەشەی مابوو، ساڵی رابردوو بە شێوەی تەندەر دەرچوو بەڵام هیچ بەڵێندەرێک وەرینەگرتبوو، ئەمڕۆ کارەکانی دەستپێکردوە، بە تەواو بوونی هیچ شوێنێکی خراپ لە رێگاکە نامێنێت”.
گەلی عەلی بەگ، رێگای گەیشتنە بە ئیدارەی سۆران و دەروازەی نێوده‌وڵه‌تى حاجی ئۆمەران، رۆژانە هەم جوڵەی زۆری بازرگانی و هەم جوڵەی گەشتیاری بەسەرەوەیە، یەکێکە لە رێگا ستراتیژیەکان.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن