کەسێکیش بریندارە

بارهەڵگرێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە سنووری گوندی بەندا لە پارێزگای دهۆک بارهەڵگرێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا، کەسێکیش برینداربوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9.7.2025 لە لۆفەکانی گوندی بەندا لە سنووری ناحیەی مانگێشکێ، بارهەڵگرێک وەرگەڕا، شۆفێرەکەی کە بەنەتەوە عەرەبە و تەمەنی 45 ساڵە گیانی لەدەستداوە و  سەرنشینێکیش بریندار بووە، کە تەمەنی 23 ساڵە و خەڵکی پارێزگای دهۆکە.

هەیسەم بەربهاری، وتەبێژی بنکەی تەندروستی 122 لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، “دوای رووداوەکە پەیوەندی بە بنکەکمان کرا و ئاگادارکراینەوە لەوەی کە لە لۆفەکانی گوندی بەندا، بارهەڵگرێک وەرگەڕاوە و تیایدا سەرنشینێک و شۆفێرەکەی گیریان خواردووە”.

وتیشی، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنەکە، سەرنشینەکەیان بە برینداری  دەرهێناوە، بەڵام شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە و  هەردووکیشیان رەوانەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی کراون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری