لە سێ مانگدا

بایی زیاتر لە 670 ملیۆن دۆلار کاڵا لە کرماشانەوە هاوردەی کوردستان کراوە

شۆڕش قادری

تەنیا لە سێ مانگدا بایی زیاتر لە 670 ملیۆن دۆلار کاڵا لە پارێزگای کرماشانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری رەزا نیک رەوش سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای کرماشان بڵاویکردووەتەوە، “لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ و لە 21.3.2025 تا 21.6.2025 یەک ملیۆن و 613 هەزار و 278 تۆن کاڵا بە بەهای 670 میلیۆن و 983 هەزار دۆلار گومرگیان بۆ کراوە و هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە 504 هەزار و 280 تۆن لە مەرزی مونزەریە و 440 هەزار و 685 تۆن لە مەرزی پەروێزخان و ئەوەی دیکەشی لە مەرزەکانی سومار و شێخ سەڵە گومرگی بۆ کراوە و هاوردەی ئەم دیوی کوردستان و عێراق کراوە.

نیک رەوش راشیگەیاندووە، زۆربەی ئەو کاڵایانە سەوزە و میوە و کەرەستەی بیناسازی بوون.

هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و مونزەرییە دوو لە مەرزە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانن کە پەروێزخان کەوتووەتە نێوان قەزای کەلار و شاری قەسری شیرینـی سەر بە پارێزگای کرماشان  و مونزەریەش لە نێوان خانەقین و قەسری شیرین لە رۆژهەڵاتی کوردستانـدایە، سومار و شێخ سەڵەش دوو مەرزی نافەرمین و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تێدا ئەنجام دەدرێت.