"جوڵەپێکردنەکە راست نەبوو"

یەکەی 70: هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق هەیە

ئەحمەد مستەفا

یەکەی 70ـی پێشمەرگە دەڵێ، ئەو هەواڵەی لەبارەی جوڵەپێکردنی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان بڵاوکرانەوە، دوورە لە راستییەوە و بەردەوام لەگەڵ سەرکردایەتی هێزە عێراقییەکان هەماهەنگن.

شەوی رابردوو هەواڵی جوڵەپێکردنی هێز لە سنووری قەرەتەپە ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد.

هێزەکانی یەکەی 70ـی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا وتی، لە هەندێک تۆڕە کۆمەڵایەتییە سێبەرەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە هێزی پێشمەرگە لە چەند ناوچەیەکی جێناکۆک جوڵەی سەربازییان هەبووە، ئەم هەواڵە بێ بنەمایە بە تەواوی رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ سەرکردایەتیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا بە ئاشکرا باس لەوەکراوە، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە لەم رۆژانەی دواییدا هەمیشە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لە پەیوەندیدابوون و کاری هاوبەشیان کردووە بۆ پووچەڵکردنەوەی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکە.

دوێنێ شەو لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە هێزێکی سوپای عێراق بەرەو کێڵگەی نەوتی قەمبەر جوڵەی پێکرابێت، 964 هەر زوو سۆراغی هەواڵەکەی کرد و فەرماندەی فیرقەی شەشی پێشمەرگە لە گەرمیان پێی راگەیاندین، ئەو دەنگۆیانە راست نین.

بەڵام هۆکاری دەنگۆکان چی بوو؟ ئەو فەرماندەیە بە 964ی وت، بابەتەکە ئەوەیە، ئەمڕۆ دوو فەرمانبەرى سەربە عێراق هاتوون بۆ کێڵگەکە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە رێگەیان پێنەدراوە و وتویانە نابێت بڕۆنە ژورەوە و ھیچ هەماهەنگییەک بۆ هاتنتان نییە، ئەوانیش پێیان قبوڵنەکرەوە و وتویانە ھێز دەھێنین، بەڵام هیچ هێزێک نەهاتووە.