لەسەر رێگای سەڵاحەدین - موسڵ

لە رووداوێکی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون

سیروان خورشید – خورماتوو

درەنگانی شەوی رابردوو لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگای سەرەکی سەڵاحەدین – موسڵ دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

ئەحمەد خەیروڵا، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، هۆکاری سەرەکی رووداوەکە بۆ تیژڕەوی شۆفێرەکە و تاریکی رێگاکە دەگەڕێتەوە، کاتێک شۆفێرەکە بە خێراییەکی زۆر لە سەڵاحەدینەوە گەڕاوەتەوە موسڵ و لە رێگادا کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە.

​وتیشی، بەهۆی رووداوەکەوە دەستبەجێ دوو لە سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون و برینی یەکێکیان کە شۆفێرەکەیە سەختە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی رووداوەکەوەشەوە بۆ ماوەیەک رێگای سەرەکی داخرا و لێکۆڵینەوەش لە هۆکارەکانی رووداوەکە دەستی پێکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی