ئەم بەرەبەیانە راگەیەندراوى بڵاوکردەوە

عەلى زەیدى: بڕیارەکانمان بە دەستوەردان و هاندانی هیچ لایەنێکی دەرەکی نین

964+

وریا فەتاح

ئەم بەرەبەیانییە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەربەخۆیی بڕیارەکانی حکومەت راگەیەتدراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو رێکارانەی لە ناو سنوورەکانی عێراقدا دەیانگرنەبەر، تەنیا لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرن و بە هاندان، سەپاندن یان ئاراستەی هیچ لایەنێکی دەرەکی نین.

لە راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە عێراق دەوڵەتێکی دیموکراتیی فیدراڵیی خاوەن سەروەرییە و حکومەت شەرعییەتی بڕیارەکانی لە هەڵوێستی وڵاتانەوە وەرناگرێت؛ بۆ راپەڕاندنی ئەرکە دەستوورییەکانیشی چاوەڕێی هاندانی کەس ناکات، بەڵکو تەنیا بەپێی بەرژەوەندیی باڵای عێراق، مافی هاووڵاتییان و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیری دەجووڵێتەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیران راگەیەندراوەکەی بەوە کۆتایی پێهێناوە کە دەڵێت: “بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، دەستوور و یاسا سەرچاوەمانە، و بەرژەوەندیی باڵای عێراق ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و رێکارەکانمان دیاری دەکات”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دواى دەرکردنى ژمارەیەک رێکارى ئەمنى و کارگێڕى کە بەشێکیان پەیوەست بوون بە هەرێمى کوردستانەوە، نیگەرانى حکومەت و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى لێکەوتەوە و بە توندى دژى وەستانەوە.