دیمەنی كۆبوونەوەیەکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كۆدەبێتەوە
پێشەوا هەورامانی بۆ 964: “راست نییە هەرێمی كوردستان و بەغدا نەگەیشتبن بە رێككەوتن
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشەوا هەورامانی بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 2.7.2025 ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كۆدەبێتەوە و لە بارەی كۆبووەنەوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی شاندەكانی هەرێم و بەغدا گفتوگۆ دەكرێت، بە تایبەتی لە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان و موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
وتیشی، ئەو قسانە راست نین كە هەرێم و بەغدا رێكنەكەوتوون، بەڵام رێككەوتنی كۆتاییش هێشتا ماویەتی.
هەورامانی ئاماژەی بەوەدا، ئەندامانی شاندەكانی هەرێم بۆ بەغدا، كە هەر بەشێكن لە ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكانی بەغدا دەخەنەڕوو، دواتریش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
لە چەند رۆژی رابردوو دوو شاندی كوردستان لە بەغدا بوون، لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی عێراق لە بارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێشەی نەناردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، دانوستانیان كرد.
بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە كاتێكدایە، كە فەرمانبەرانی كوردستان موچەی مانگی 5ی رابردوویان وەرنەگرتووە و بارودۆخێكی خراپ تێدەپەڕێنن، ئەمە جگە لەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان لەوەتەی ئاداری 2023ـەوە وەستاوە و تا ئێستا دوای چەندین كۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا و كۆمپانیاكانی هەناردەی نەوت، هێشتا نەگەیشتوون بە رێككەوتن.