بۆ نوێكردنەوەی ناسنامە

ژووری بازرگانیی هەولێر داشكان بۆ قەرزی ئەندامەكانی دەكات

ئەرسەلان عەبدوڵا

ژووری بارزگانی و پیشەسازیی هەولێر لێخۆشبوونێکی بازرگانی رادەگەیەنێت و داشكان بۆ نوێكردنەوەی ناسنامەی بازرگانە ئەندامەكانی دەكات.

كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 1.7.2025 بە 964ی راگەیاند، بە رەوچاوکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە رووی داراییەوە، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بڕیاڕی دا بە لێخۆشبوون لەو کەسانەی کە ناسنامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیان هەیە، لە کاتی تازەکردنەوەی ناسنامەکانیان بڕی (50%) داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

وتیشی، ئەم هەنگاوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، پاڵپشتیی و پشتیوانیەکی پڕ بایەخە لە پێناو هاوکاری و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی بازرگانان و رەخساندنی دەرفەتی بەردەوامی کار و بەرەوپێشچوونی زیاتر.

ئاشكراشی كرد، نزیكەی 30 هەزار كەس لە بازرگان و كاسبكاران و خاوەن كارگە و دوكاندارەكان، لە ژووری بازرگانی ئەندامن و هەریەكەیان بەپێی سەرمایە و جۆری كارەكەی ناسنامەی بۆ كراوە و پلەبەندییەكیان هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی چەند ساڵێكیشە ناسنامەكانیان نوێنەكردووەتەوە، ئەوانیش دەتوانن بێن و بەهەمان ئۆفەری داشكان ناسنامەكانیان نوێبكەنەوە.