عەبدولعەزیز، ئەو مێردمنداڵەى قەزاى بەلەد کە لە پێناو خوشک و براکانیدا دەستى کردووە بە کارکردن
"خەونمە بگەڕێمەوە بۆ خوێندن"
تەمەنى تەنیا 14 ساڵە؛ بەڵام قوتى خێزانێکى هەشت کەسى خستووەتە سەر شانى
964+
وریا فەتاح
“تەمەنى تەنیا 14 ساڵە، بەڵام لە تەمەنى سێ ساڵییەوە باوکى لەدەستداوە و ئێستا بووە بە سەرچاوەى بژێوى دایکى و شەش خوشک و براکەی”، ئەمە چیرۆکى عەبدولعەزیزى 14 ساڵانە کە هێشتا بەتەواوى موى هەرزەکارى لەسەر رووخسارى دەرنەکەوتووە، بەڵام وەک پیاوێکى گەورە ملى ناوەتە بەر بارى بەخێوکردنى خێزانێک.
ئەو، لەشەقامى مەحەتە لە شارۆچکەى بەلەد لە پارێزگاى سەڵاحەدین، شاگردى مامییەتى لە نانەواخانەکەیدا، رۆژانە لەگەڵ دەنگى بانگ خەبەرى دەبێتەوە و دەچێت بۆ دوکانەکە و دەست دەکات بە هەویرشێلان و تەنوور گەرمکردن.
عەبدولعەزیز، لەکاتى ئاوارەبوونیان بۆ سلێمانى کە ئەوکات تەمەنى تەنیا 3 ساڵان بووە، باوکى گیان لەدەست دەدات، هەر بۆیە دواتر سەرەڕاى ئەوەى دەچێتە بەرخوێندن، بەڵام بەناچارى وازى لێ دەهێنێت و ئەرکى براگەورەیى جێبەجێ دەکات و روولە بازاڕ دەکات و دەیەوێت پارویەک نان بۆ خوشک و براکانى پەیدا بکات.
لە قسەکردنى بۆ 964، عەبدولعەزیز دەڵێت: بیرم نییە کە باوکم کۆچى دوایى کرد، بەڵام دایکم بۆم دەگێڕێتەوە کە چۆن لە شەقامى مەحەتە و لە چێشتخانە و بازاڕەکاندا کارى کردووە.
بە وتەى خۆى، کڕیارەکان لە هەموو شوێنێکەوە روو لە نانەواخانەکە دەکەن، ئەویش وەک دەڵێت:”هەموو رۆژێک لەپێناو دایکم و براکانم بەردەوام دەبم لە کارکردن، بەڵام خەونی من ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ قوتابخانە”.
بەپێى یاسا کارپێکراوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، کارکردنى منداڵان و مێردمنداڵان رێگەپێدراو نییە، بەڵام لە واقعدا ناچارى ژیان ژمارەیەکى زۆر لە منداڵ و مێردمنداڵى خستووەتەسەر شەقامەکان.