"بانده‌كان رێكاری توندیان بۆ ده‌گیرێته‌به‌ر"
کارکردن و دەرۆزەکردنی منداڵان لەسەر شەقام و ترافیکلایتەکان قەدەغە كرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له هه‌رێمی كوردستان دیارده‌ى كاركردن و ده‌رۆزه‌كردنى منداڵان له‌سه‌ر شه‌قام و ترافیكه‌كان قه‌ده‌غه‌كرا، بڕیاره‌كه به‌چه‌ند قۆناغێك جێبه‌جێده‌كرێت و ئه‌وانه‌شی وه‌كو باند ده‌رۆزه به‌منداڵان ده‌كه‌ن رێكارى تووندیان له‌به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.
ئه‌م قسانه‌ى سه‌ره‌وه یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بۆ 964ـى ئاشكرا كرد، كه ئه‌مڕۆ بە نوێنەرایەتی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی وەزیری ناوخۆی هه‌رێمی بۆ ئه‌م بابه‌ته كردبوو.
هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆ و كار به‌یه‌كه‌وه پلانێكی هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیاره به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به 964ـى وت، له قۆناغى یه‌كه‌مدا ئه‌م بڕیاره له هه‌ولێری پایته‌خت جێبەجێدەکرێت و له سه‌ره‌تاشدا به‌هاوكارى پۆلیسی نه‌وجه‌وانان ته‌واوى ئه‌و منداڵانه‌ى سه‌رشه‌قامه‌كان ده‌بینن و له هۆكارى ئه‌م دیارده‌یه‌یان ده‌كۆڵنه‌وه.
وتیشی “جگه له‌و كه‌سانه‌ى به‌شێوه‌ى باند كارى ده‌رۆزه‌كردن به منداڵان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى دیكه دواى زانینى هۆكارى راسته‌قینه‌ی ده‌رۆزه‌كردنیان به‌پێی پلانێك بۆ دوورخستنه‌وه‌یان له‌م دیارده‌یه هاوكاری خێزانه‌كانیان ده‌كرێت”.
ئاشكراشی كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌شێوه‌ى باند ده‌رۆزه به‌منداڵان ده‌كه‌ن رێكارى تووندیان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر، چونكه ئه‌م حاڵه‌ته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵكراو نییه.
ئه‌وان له‌رێگه‌ى تیمى تایبه‌ته‌وه هۆشیاریش به منداڵه‌كان و خێزانه‌كانیشان ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌و كاره دووریان بخه‌نه‌وه.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌م بڕیارە پێشتر له شاره‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم هه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌ى ئێستا جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى ئه‌وانیش فراوانتر ده‌كرێت.
مانگی رابردوو ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان کاری دەرۆزەکردنی بە گشتی لە رووی شەرعەوە حەرام کرد و هاوکاریکردنی ئەو کەسانەش کە لە کوچە و کۆڵان و ترافیک و شوێنە گشتییەکان دەرۆزە دەکەن، بە نادروست زانی.
بەپێی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، ده‌رۆزه‌كردن له شه‌رعدا حه‌رامه و نادروسته؛ مه‌گه‌ر بۆ كه‌سێك كه به ته‌واوی پێویست بێت و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی نه‌بێت و له راستیدا هه‌ژار و نه‌دار بێت.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا دەڵێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک هاوکاری بدرێتە منداڵانی دەرۆزەکار، به‌ڵكو پێویسته ئامۆژگاری بكرێن، چونكه هاوكاریكردنیان ده‌بێته مایه‌ی هاندانیان له‌سه‌ر ئه‌و كاره خراپە.
داواٍی لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، قێكاری پێویست بگرنه به‌ر بۆ بنبڕكردنی دیاردەی سواڵ و دەرۆزەکردن کە نامۆیه به شكۆ و ره‌وشتی به‌رزی كورده‌واری.
تا ئێستا دیار نییه ژماره‌ى ئه‌م منداڵانه‌ى له‌هه‌ولێر یاخود له هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر شه‌قام و ترافیكه‌كان كارى ده‌رۆزه ده‌كه‌ن چه‌نده، به‌ڵام به‌پێی به‌داوداچوونه‌كان و بینینى رۆژانه‌ى ئه‌م منداڵانه به‌فراوانى، پێده‌چێت ژماره‌یان زۆر بێت.