باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق لە قاوەخانەی مەچكۆ بوو
پارێزگاری هەولێر داوەتی كرد
باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق لە قاوەخانەی مەچكۆ بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق دەستبەكار بوو، ئەمڕۆش سەردانی هەولێری كردووە و لە قاوەی مەچكۆ میوانی پارێزگار بوو.
بەپێی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25.6.2025 لە قاوەخانەی کەلتووری مەچکۆ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی شانشینی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر کرد.
“پارێزگاری هەولێر، پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق كرد و هیوای خواست کە لە بەغدا بە چاوی ئیعتیبارەوە لە هەرێمی کوردستان بڕوانێ، کە ماوەی چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵ دەدەن کۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەم مافە رەواکانی گەلی کوردستان”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
هەروەها هاتووە، “باڵیۆزی بریتانیا وێرای پاڵپشتیکردن لە وتەکانی پارێزگاری هەولێر، داکۆکی کردن لە مافی رەوای گەلی کوردستان، باسیان لە شارستانیەتی دێرینی شاری هەولێر و تەناهی و ئاوەدانی فراوانبوونی شارەکەش کرد”.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، دیدارەکەدا پێشهات و پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە بە گشتی و رووداوە هەمە لایەنەکانی عێراق بە تایبەتی و ئایندەی گۆرانکارییەکان باس کرا، هەروەها جەخت لە پتەوترکردنی دۆستایەتی لە مێژینەی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرایەوە.