
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا - GETTY IMAGES
"ئاگربەست نەشکێنی"
ترەمپ خراپ لە نەتەنیاهۆ توڕە بووە
964+
ئەحمەد مستەفا
رۆژنامەی ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی کۆشکی سپیەوە وتی، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ناتەنیاهۆ کردووە، کاتی قسەکانی توڕەبووەو بە زمانێکی توندو راستەوخۆ پەیامەکەی پێگەیاندووە.
پێی وتووە کارێک نەکەیت ئاگربەستەکە بشکێت، بۆیە ناتەنیاهۆ لە قورسی دۆخەکە تێگەیشتووەو وەڵامدانەوەکەی ئەمڕۆی بۆ ئێران قورس نەبووە.
دوای 12 رۆژ لە هێرشی موشەکی و ئاسمانی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی تەواو بۆ ئاگربەست.
وە کۆتاییهێنان بە شەڕێک کە ناوی ناوە “جەنگی 12 رۆژە”، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوولا چەند جارێک هێرشیان کردە سەریەک و ئاسۆی ئەو ئاگربەستە تائێستا روون نییە.
لەو کوشتن و بڕینەی ئێران و ئیسرائیل بە یەکیان کرد، لە هەردوو وڵاتەکە نۆ هەزار و 202 کەس کوژراون یان برینداربوون، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی 12 رۆژی رابردووی شەڕەوە.
بەشێک لەو کەسانە کەسانی پلەداری سەربازی، زانا ئەتۆمی و مامۆستای زانکۆ و بەرپرس بوون، ماباقی هاوڵاتی ئاسایی، بەڵام زیانی گیانی ئێران لەم شەرەدا زۆرتر بووە.
لەو 12 رۆژەدا، پێنج هەزار و 936 کەس لە ئێران کوژران و برینداربوون، لەبەرامبەردا لە ئیسرائیل سێ هەزار و 266 کەس کوژراون یان برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران روونی نەکردووەتەوە، چەند کەسیان مەدەنی و چەند کەسیش سەربازی بوون، بەڵام ئیسرائیل دەڵێ، سەرجەم کوژراو و بریندارەکانیان خەڵکی مەدەنی بوون و هێزە سەربازییەکانیان هیچ زیانێکیان بەر نەکەوتووە.