شارەزوو
هەرکەسێک شەقام و بەردەرگا و سەیارە بشوات 50 هەزار دینار غەرامە دەکرێت
+964
بڕوا مەجید – شارەزوور
ماوەی 20 رۆژە لیژنەی رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاو لە قەزای شارەزوور پێکهێنراوە و بڕیار دراوە هەرکەسێک سەرجادە و بەردەرگا و سەیارە بشوات راستەوخۆ ژمارەی خانووەکەی دەنووسن و سزا بدرێت
سەرهەنگ ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاو لە شارەزوور، بۆ 964 وتی، “لیژنەکەمان لە پێنج کەس پێکدێت، ئەوانیش نوێنەرانی ئاسایش، پۆلیس، شارەوانی، ئاو و قایمقامیەت، بەهۆی ئەوەی ئاو لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بێستانسوور کەمی کردووە، ماوەی 20 رۆژە بە شەو و رۆژ دەگەڕێین بۆ رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاو لە شارەزوور، هەرکەسێک ئاو بەفیڕۆ بدات بەردەرگا و سەیارە بشوات ئێمە غەرامەی دەکەین”.
بە وتەی سەرهەنگ ئەحمەد، “سەرەتا سەرجەم ماڵەکانمان ئاگادارکردووەتەوە، ئێستاش لەگەڵ سەرپێچیکردنیان راستەوخۆ بە بڕی 50 هەزار سزا دەدرێن، بڕی سەرپێچییەکە لەگەڵ ژمارەی خانووەکە دەدەین بە فەرمانگەی ئاوی شارەزوور و دەچێتە سەر پسولەی سەعاتی ئاوەکەیان، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکەدا، بەردەوام هەمان سزایان بۆ دەنووسینەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا