"هیچ دەستدرێژییەک بێ وەڵام ناهێڵینەوە"
ئێران: گەورەترین بنکەی ستراتیژی ئەمریکامان لە رۆژئاوای ئاسیا کردە ئامانج
964+
شۆڕش قادری
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هێرشە موشەکییەکەی بۆ سەر قەتەر پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیان ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “بنکەی سەربازی عودەیدمان لە قەتەر کردووەتە ئامانج کە بارەگای سەرەکیی هێزی ئاسمانی و گەورەترین بنکەی دارایی و ستراتیژی سوپای ئەمریکایە لە رۆژئاوای ئاسیا”.
دەشڵێت، “پەیاممان بۆ کۆشکی سپی و هاوپەیمانەکانی ئاشکرا و روونە و لە هیچ بارودۆخێکدا دەستدرێژیکردن بۆ سەر خاک و ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەمان، بێ وەڵام ناهێڵینەوە”.
کەمێک پێش ئێستا سوپای ئێران چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە قەتەر و بەحرێن و کوێتی موشەکباران کرد.