لە گوندێکی هەڵەبجە تەنێک کەوتووەتە خوار لە پارچە موشەک و درۆن دەچێت
"ئاسایش هەڵیگرتووەتەوە و بردوویەتی"
لە گوندێکی هەڵەبجە تەنێک کەوتووەتە خوار
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە گوندی بەشارەتی سەروو سەر بە ناحیەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە، پارچە ئاسنێک کەوتووەتە سەرزەوی جوتیارێکەوە و گومان دەکرێت پارچەی مووشەک یان درۆن بێت.
دلێر محەمەد، خاوەنی زەوییەکە بە 964ـی وت، “کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23.6.2025، دەنگێکی بەهێز هات، دوای گەڕانێکی زۆر لە زەوییەکەمدا، ئێوارەی ئەمڕۆ پارچە ئاسنێکمان دۆزییەوە کە گومان دەکرێت پارچەی مووشەک یان درۆن بێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئاسایشیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، ئەوان چوون پارچەکەیان هەڵگرتووەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل چەند جارێک پارچە مووشەک و درۆن لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کەوتووەتە خوارەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری