کۆبوونەوەیەک دەکرێ

یەکێک لە سکاڵاکاران: رەنگە سبەی حیجزی سەر موچە لاببرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

گیرفانی موچەخۆر لە هەرێمی کوردستان، 49 رۆژە فلسێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، لەوەتی سکاڵاش لە دادگا تۆمارکراوە، دەمێ بە بیانووی حەجی ئەندامەکانی و دەمێک بە بیانووی ئەوەی پشکی تەواو بووە، نەزانراوە چ رۆژێک، موچەی مانگی ئایار لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێ.

وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی 28.5.2025، تەمویلی هەرێمی کوردستانی راگرت و وتی، لە خشتەی بودجەی 2025 پشکیان تەواو بووە، بەمەش حیجز خرایە سەر مووچەی هەشت مانگی موچەخۆران لە هەرێمی کوردستان.

ئەوە لەدۆخێکدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ ساڵی 2025، بڕی 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن تەرخان کراوە، بەڵام لەو رێژەیە تا ئێستا چوار ترلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە بانكی ناوەندیی عێراق و بۆ ئەمساڵ 9 ترلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینار ماوە بنێردرێت.

دوای ئەو بێنە و بەردەی هەرێم و عێراق، موچە نەهات و خەڵک لە جەژنەکەش بوون، رۆژی 1.6.2025، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان، سکاڵا لە دادگاکە تۆمار کراوە، بەزووترین کات وەڵامی سکاڵاکە دەدەنەوە، کە لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمەوە تۆمارکراوە.

یەکێک لەو فەرمانبەرانە، محەمەد رەسووڵە، ئەو بە 964ی وت، زانیارییان پێ دراوە، سبەینێ پێنجشەممە 19.6.2025، ئەنجومەنی دادوەری عێراق کۆبوونەوەی هەیە، بەڵام بۆمان روون نەبووەتەوە، لەسەر سکاڵاکەی ئێمەیە تا رێکاری یاسایی بۆ دیاری بکرێ، یان دەرکردنی فەرمان سالاریی.

دەرکردنی فەرمان سالارییەکە بۆ لابردنی حیجزەکە دەبێت، لەسەر موچەی هەشت مانگی کۆتایی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان، ئەو سکاڵاکارە دەڵێ، ناردنی موچە پەیوەستە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و  رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ تەوتین کردن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18.6.2025، بە وتەى پێشەوا هەورامانی، وتەبێژ، سەرۆک وەزیرانى حکومەتی هەرێمى کوردستان، پێش دوو رۆژ نامەیەکی تایبەتی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق ناردووە لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکی باس بکات.

مەسرور بارزانى لەسەر مووچە نامەى بۆ دادگاى فیدراڵى نار...

مەسرور بارزانى لەسەر مووچە نامەى بۆ دادگاى فیدراڵى ناردووە