بەپێی ماددەی 406 دادگایی دەکرێت

دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ مانگی 12 دواخرا

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەکی دیکە لە دەستگیر کراوانی لالەزار بۆ مانگی 12 دواخرا.

دانا تەقیەدین وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار بە 964ـی وت، “كەمێك بەر لەئێستا دادگای سلێمانی بڕیاریداوە لە رۆژی 16.12.2026 دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بەپێی ماددەی 406 بەڕێوەبچێت”.

وتیشی داواكاریی دواخستنەكە لەسەر پێشنیار و داوای خۆمان بووە، بەڵام دادگا خۆی ئەو رۆژەی دیاریكردووە.

پێشتر و رۆژی پێنجشەممە 14.10.2026 کۆتا دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بەپێی ماددەی 56 لە دادگای 2ـی تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو و دادگا بڕیارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دا؛

-لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا

-پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا درا

-رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا

-بە بڕیاری دادگا دوو لە گیراوەکان بەناوەکانی (کەیوان محەمەد و عومەر شێخە) ئازاد کران

-ئاراس و رەمەزان، دوو گیراوی دیکەی لالەزار بە بڕیاری دادگا یەک ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران

-گیراوەکانی دیکەی لالەزار بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری