دكتۆر گۆڤەند شێروانی بۆ 964

بە هۆی هێرشەكانی سەر ئێرانەوە بارودۆخی كارەبای عێراق خراپتر دەبێت

محەمەد فاتیح

هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زەرەر و زیانی بۆ سەر عێراقیش دەبێت و پسپۆرێك و شارەزا لە بواری نەوت و ئابووری بۆ 964ـی ئاشكرای كرد، چیتر ئێران ناتوانێت غاز هەناردەی عێراق بكات.

دكتۆر گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ و شارەزا لە بواری نەوت و ئابووری، تایبەت بە 964ـی وت، “فڕۆكەكانی ئیسرائیل كێڵگەیەكی غازی زەبەلاحی ئێرانیان بە ناوی فارس كردە ئامانج و پەكیان خستووە، كە یەكێكە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەكانی غاز لەسەر ئاستی جیهاندا”.

دەشڵێت، “ئیسرائیل دامەزراوەكانی ژێرخانی پیشەسازی و وزە لە ئێران دەكاتە ئامانج، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی بۆ عێراق هەیە، چونكە عێراق گرێبەستی هەیە لەگەڵ ئێران بۆ هاوردەكردنی رۆژانەى غاز به 50 ملیۆن مەتر سێجا  و بە لێدانی بنكەكانی وزەی ئێران، رەنگە ئیتر توانای ئەوەی نەبێت غازی سروشتی هەناردەی عێراق بكات و تەنیا بەشی ناوخۆی خۆی بكات، عێراقیش رووبەڕووی كورتهێنانێكی زیاتر دەبێتەوە لە بواری كارەبا، بەو پێیەی ئەو غازەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرا، بۆ وێستگەكانی كارەبا بەكاردەهێنرا”.

“پێش ماوەیەك لەبەر زیادبوونی خواست لەسەر غاز لەناو ئێران بڕەكە كەمكرایەوە بۆ عێراق بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا، كە بووە هۆی ئەوەی كارەبای عێراق كەمبێتەوە و بۆ چوار هەزار میگاوات دابەزی، لە كاتێكدا عێراق خۆی كورتهێنانی هەیە لە كارەبا بە بڕی 28 هەزار مێگاوات  و وەرزی هاوین لە عێراق زۆر قورستر دەبێت، چونكە رۆژ بە رۆژ كورتهێنانەكە زیاتر دەبێت لەو كارەبایەی كە بەرهەم دەهێنرێت”، دكتۆر گۆڤەند شێروانی واى وت.

“عێراق یەدەگێكی زەبەلاحی هەیە لە غازی سروشتی بە 127 ترلیۆن پێ‌ سێجا دەخەمڵێنرێت و بەم پێیە عێراق لە پلەی 11 بۆ 12 يه لەسەر ئاستی جیهان بۆ یەدەگی غازی سروشتی، بۆیە شتێكی زۆر نامۆیە عێراق ئەم یەدەگە گەورەیەی هەبێت و غازی سروشتی هاوردە بكات لە وڵاتێكی دراوسێ”، ئەمەش قسەی دكتۆر گۆڤەند شێروانییە.