ئابوورى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بوژێنێته‌وه‌

رێگاى مه‌رزى سازان به‌ درێژایی زیاتر له‌ 21 كیلۆمه‌تر دروستده‌كرێت

فەرهاد حەسەن

پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ نووسراوێكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت، رەزامەندی دراوه‌ بۆ پڕۆژەی رێگای هەڵەبجە بۆ مەرزی سازان كه‌ درێییه‌كه‌ى زیاتر له‌ 21 كیلۆمه‌تره‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، پاش هەوڵەكانی پارێزگاری هەڵەبجە، رەزامەندی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوه‌، بۆ تەرخان و خەرجكردن بۆ پڕۆژەی رێگای هەڵەبجە بۆ مەرزی سازان، لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی ساڵی 2025 كه‌ درێژی رێگاكه‌ 21 كیلۆمه‌تر و 650 مه‌تره‌ و ئاڕاستەی  وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کراوه‌ بەمەبەستی جێبەجێكردن.

‎پارێزگا ده‌ڵێت، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگە لە پارێزگای هەڵەبجەو دەبێتە هۆی بوژانەوە و پێشخستنی كەرتی بازرگانی لە پارێزگاكە و كرانەوەی زیاتری پارێزگاكە لە سێكتەری ئابوری و بازرگانیدا.

رۆژى 8.8.2024 حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند نووسراو ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی فیدراڵ کراوە بەمەبەستی بەفەرمیکردنی مەرزی سازان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و بكرێتە مەرزێکی فەرمی. ئەمەش یەكێك بوو لە داواكارییە گرنگەكانی بەرپرسانی ئیداری و خەڵكی ناوچەكە.

مەرزی سازان دەکەوێتە گوندی سازانی ئه‌م پارێزگایە و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، کە پارێزگای کرماشان و قەزاکانی پاوە و جوانڕۆ دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و مەودای نێوان پارێزگای هەڵەبجە و کرماشان دەبێتە 170 کیلۆمەتر و پێشبینی دەکرێت بەنزیکەی دوو کاتژمێر لە هەڵەبجەوە بگەیتە پارێزگای کرماشان.