رووداوەکە ئێوارەى ئەمڕۆ بووە

لە 964ـەوە زانى؛ کە بە ئۆتۆمبێلەکەى منداڵێکى شێلاوە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

درەنگانێکى ئێوارەى ئەمڕۆ، پیکابێک لە گەڕەکى کۆمارى لە خورماتوو منداڵێک دەشێلێت و دەڕوات، باوکى منداڵەکە وتى،”شۆفێرەکە نەگەڕاوەتەوە و رایکردووە”.

دواى ئەوەى 964 ڤیدیۆى رووداوەکەى بڵاوکردەوە، برایەکى ئەو شۆفێرە پەیوەندى بە سیروان خورشید، پەیامنێرى 964 لە خورماتوو دەکات و دەڵێت،”ئەوە ئۆتۆمبێلى ئێمەیە، براکەم شۆفێرى کردووە، بەڵام ئاگادارنین کە ئەو منداڵەى شێلاوە”.

حوسێن عەبدوڵا کە براى شۆفێرەکەیە بە 964ـى وت،”دەچین بۆ ماڵى منداڵەکە و چیان پێویست بێت لە خزمەتیاندا دەبین، چونکە بەراستى بە بێ ئاگایى روویداوە”.

لاى خۆیەوە، ئەحمەد حەسەن کە باوکى منداڵەکەیە، وێراى پێزانینى بۆ 964 کە بەهۆیەوە شۆفێرەکە ئاشکرا بووە، بەڵام دەڵێت،”پێمانوانییە شۆفێرەکە ئاگادار نەبووبێت، چونکە دواى شێلانى منداڵەکەمان بەخێرایى گەڕەکەکەى جێهێشتووە”.

باوکى منداڵەکە وتیشى،”ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە و بەنیاو نین لەو شۆفێرە خۆش بین، چونکە تاکو ڤیدیۆکە لە 964 بڵاو نەبووەوە خۆیان ئاشکرا نەکرد”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح