"هەر شتێک ئەوان بڵێن ئێمە لە خزمەتداین"

فاخیر هەریری دەستخۆشی لە لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی دەکات

964+

ژێوار خدر

چەند رۆژێک لەمەوپێش رێستۆرانتی باڵە خۆشەکەی فاخیر هەریری لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە داخرا بەهۆی پابەند نەبوونی بە رێنماییەکانەوە، ئێستا فاخیر هەریری خاوەنی رێستۆرانەتەکە دەستخۆشی لە لیژنەکان دەکات و دەڵێت، “کەموکوڕیمان هەبوو و هەر شتێک ئەوان بیڵێن ئێمە لەخزمەتداین”

قایماقامییەتی سلێمانی، ڤیدیۆیەکی فاخیر هەریری بڵاوکردووەتەوە کە دەستخۆشیان لێدەکات و دەڵێت، دوای ئەوەی رێستۆرانتی باڵەکەی فاخیر هەریریمان داخست بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانەوە، خاوەنی رێستۆرانتەکە لە چەند لێدوانێکدا تۆمەتی ئاراستەی لیژنە هاوبەشەکان کردبوو.

دەشڵێت، خاوەنی رێستۆرانتەکە سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانی کردووە و داوای لێبوردنی لە لیژنە هاوبەشەکان و دانیشتووانی سلێمانی کردووە، چونکە کەمتەرخەمی لە کارەکانیاندا هەبووە، وتوشیەتی پابەندی تەواوی ئەو مەرج و رێنماییانە دەبین کە لیژنەکان بۆمان دیاری دەکەن و دوای کردنەوەی رێستۆرانتەکە بەشێوەیەکی باشتر لەخزمەتی دانیشتووانی سلێمانیدا دەبین.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە گۆڕان قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان  باسی لەوەکردووە، کە ئامانجی لیژنەکە پێدانی خواردنێکی تەندروستە بە هاوڵاتیان لەلایەن خواردنگەکانەوە، هەرکەسێک پابەندی رێنماییەکان بێت پشتیوانی دەکەن و دەیانەوێت سەرپێچییەکان کەمبکەنەوە و کەمترین شوێن سزا بدرێت.

هەرچەندە بەپێى ئەو ڤیدیۆیەى قائیمقامییەت بڵاوى کردووەتەوە، فاخیر هەریرى داواى لێبوردن ناکات لەو قسانەى پێشتر کردویەتى، بەڵام دان بە کەموکوڕییەکاندا دەنێت و دووپاتى دەکاتەوە کە دواى دەستپێکردنەوە بە تەواوەتى پابەندى رێنماییەکان دەبن و دەڵێت،”ئەوەى ئەوان بیڵێن، لە خزمەتداین”.

خواردنگەی

خواردنگەی "باڵە خۆشەکەی فاخیر هەریری" لە سلێمانی داخرا