چەند بڕیارێکیش درا

بۆ چارەسەری کێشەی ئاو؛ 2 ملیار دیناری دیکە بۆ هەولێر تەرخانکرا

964+

وریا فەتاح

2 ملیار دیناری دیکە وەک فریاگوزاریی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی هەولێر تەرخانکرا، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو 2.5 ملیار دینار بۆ هەمان مەبەست خەرجکرابوو، پارێزگارى هەولێریش جەخت دەکاتەوە کە بەهەر شێوازێک بێت نایەڵن هاوڵاتیان تووشى کێشەى ئاو ببن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.6.12، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو و بەدواداچوون لە دەرەنجامى کارى پڕۆژەکانى فریاگوزاریى خێراى ئاوى هەولێر، بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕە ناوخۆییەکانی ناوشار، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری ئه‌نجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایە سەر ئەوەى کە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر 78%ـى کارەکانی تەواو بووە و بەستنەوەى پڕۆژەکەش بە تۆڕە ناوخۆییەکان 90%ـى تەواو بووە.

بەپێى راگەیەنراوى پارێزگاى هەولێر، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە 40%ـى تەواو بووە و بڕیارە مانگی 11ـی ئەمساڵ کۆتایی بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر رایگەیاندووە، بەهەر شێوازێک بێت نابێت هاوڵاتیان کێشەى کەمئاویان هەبێت و جەختیشى کردووەتەوە کە لە ناوەراستى مانگى داهاتوو، بەشێک لەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی شەقامی 120 مەتری، کێشەی کەمیی ئاویان چارەسەر بکرێت.

بڕیارەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە:

یەکەم: دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاو.

دووەم: دابینکردنی ئاو بە تەنکەر بۆ گەڕەکە کەمئاوەکان.

سێیەم: خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.

كێ لە پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر سوودمەند دەبێت؟

كێ لە پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر سوودمەند دەبێت؟