لە سایلۆى مەخمور
هێشتا وەرگرتن دەستى پێنەکردووە، جوتیاران سەرەیان گرتووە
964+
ئەحمەد شەمزین – مەخموور
سایلۆی مەخموور تائێستا دەستی بە وەرگرتنی گەنم نەکردووە، بەڵام جوتیاران لە ئێستاوە ریزیان بەستووە و نۆرەیان گرتووە بە درێژایی 15 كیلۆمەتر لە ناحیەی مەلا قەرەوە تا سەنتەری قەزای مەخموور، لەریزدا وەستاون.
مەروان حوسێن، بەرێوبەری هۆبەی كشتوكاڵی مەخموور بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”دەبوایە پێش جەژن دەستبە وەرگرتنی گەنم بكرێت، بەڵام تائێستا دەستیپێنەكردوە، ئێمەش لەسەر خەتین لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا و جێگرەكەی بۆ كردنەوەی دەرگای سایلۆ بەڕووی جوتیاراندا”.
ئاپۆ سوڵتان یەکێک لەو جوتیارانەیە کە لەنۆرەدا وەستاوە، بە 964ـى وت،” نۆرەگرتنەکە لە ناحیەى مەلا قەرەوە دەستپێدەکات، جا هەندێ شۆفێر بەرد یان شتێکى داناوە بۆ ئەوەى نۆرەبڕى لێنەکەن”.
قەزای مەخموور 50 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە، زۆربەی دانیشتووانەكەی خەریكی كاری كشتوكاڵن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح