زێى خەم
ئاڤێستا و ئارڤان؛ دوو چیرۆک و یەک ئازار و رووبارێک
964+
وریا فەتاح
زێی گەورە، ئەو رووبارەی بە خوڕەم و تەوژمەى بە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، سەرەڕاى ئەوەى سەرچاوەى جوانى و نەخشاندنى تابلۆى سروشتى کوردستانە، بەڵام ئەمساڵ بێویژدانانە بووەتە زێى خەم و لە باوەشیدا دوو چیرۆکى پڕ ئازار کە هاوشێوەى یەکترین، هەڵگرتووە.
مامۆستا ئاڤێستا و ئارڤانى بچکۆلانە، لە گەشتى بەهارەوە بۆ جەژنى قوربان، دوو ناون کە ئێستا بوونەتە خەمێکى قوڵ بۆ خێزان و کەسوکار و هاوڵاتیان، چونکە رووبارەکە لاى خۆى گلى داونەتەوە و کردوونى بە بەشێک لەخۆیى و نایانداتەوە.
رۆژی 5ی نیسانی 2025، مامۆستا ئاڤێستاى تەمەن 27 ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە هەولێرەوە روویان کردە دەڤەری بارزان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش. بەڵام لە نزیک “تەنگاتور”، ئەو شوێنەی جوانی و مەترسی تێکەڵاوی یەکدی دەبن، ئاوە خوڕەکەی زێی گەورە وەک فێڵێکى تەنافبازەکان، پێیەکانى دەترازێنێ و دەیکات بە چیرۆکێکى خەمهێنەر.
لەوەتەی ئەو رۆژەوە کە ئەمڕۆ دەکاتە دوو مانگ و دوو رۆژ، باوکى و خێزانەکەی و تیمەکانی فریاگوزاری چاویان لە رووبارەکەیە، بەڵکو شەپۆلێک جەستە ساردەکەى ئاڤێستایان پێ بداتەوە، بەڵام زێى گەورە بێویژدانانە وەک نهێنییەک نایەوێت تەرمى ئەو مامۆستایە بدرکێنێت.
کەسوکارى مامۆستا ئاڤێستا و باوکى، بوونەتە بەشێک لە خێزانى ئەم کۆمەڵگەیە، هەمووان لەگەڵ هاوار و گریانى باوکى ئاڤێستا دڵیان دەبێت بە یەک پارچە لەخەم، هەربۆیە چیتر ئاڤێستا بە تەنیا خەمى ماڵێک نییە، ئەمڕۆ هەموو ماڵەکانى ئەم وڵاتە ئاڤێستایەکیان لێ ونبووە و خەمیانە.
هێشتا خەمى ئاڤێستا سوێى بۆ برینى دڵى کەسوکارى و خەڵکى نەهێنابوو، چیرۆکێکى تر بە هەمان خەم و بەهەمان شێوە دروستبووەوە، هەمان زێ ئەمجارە دواى دوو مانگ و رۆژێک لە گلدانەوەى ئاڤێستا، کاتێک هاوڵاتیان سەرقاڵى جەژن بوون، منداڵان چوکلێتیان کۆدەکردەوە و ماڵەو ماڵ دەگەڕان، بەڵام ئارڤان سیهادى تەمەن شەش بۆ حەوت ساڵان، لە شارۆچکەى دێرەلوک، کەوتە ناو ئاوى زێى گەورە و بوو بە چیرۆکێکى ترى هەمان رووبار.
ئەمڕۆ دووەم رۆژی ونبوونی ئارڤانە و هێشتا هیچ سۆراغێکی نییە. ئەو بە جلى جەژنەوە بووە بە میوانێکى ئەبەدى زێى خەم.
دوو چیرۆک و یەک ئازار و رووبارێک
ئەوەی ئاڤێستا و ئارڤان پێکەوە دەبەستێتەوە، تەنیا ئەوە نییە کە هەردووکیان لە هەمان رووباردا خنکاون، بەڵکو ئەو ئازارە هاوبەشەیە کە لە دڵی کەسوکاریاندا جێماوە؛ ئازاری نەبوونی گۆڕێک بۆ گریان و نەبوونی تەرمێک بۆ ماڵئاوایی.