لە خەمى گەشتیارانن
گۆشتى قیمەى ئامادەکراو قەدەغەیە
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە جەژنە و پشووى فەرمییە، بەڵام لیژنەکانى پشکنین و چاودێرى بازاڕ لە سۆران نازانن دانیشتن چییە و لە بازاڕ بڵاوبوونەتەوە بۆ چاودێرى خۆراک و کەلوپەلەکان، سەرۆکى لیژنەکەش دەڵێت: گەشتیارێکى زۆر هاتووە و لە خەمى ئەوان و هاوڵاتیان رێگە بەوە نادەین کەس سەرپێچى بکات.
هەر ئەوەش نا فۆڕمى سکاڵایان هەیە و هەر سەرپێچییەکت بینى دەتوانى پڕى بکەیتەوە و سکاڵا بکەیت تا لیژنەکان دەمودەست بچن.
وەفا سەیدخان دۆڵەمەری سەرۆکی لێژنەی چاودێری بازرگانی لە سۆران قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، لیژنەکانیان بەو جەژنە لە بازاڕ بڵاوەیان پێکراوە و چاودێرى بازاڕ دەکەن، هەر دوکاندار و شوێنێک سەرپێچى بکات یان خواردنى خراپبوو و نەشیاو بفرۆشێت، سزاى دەدەن.
لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى لە سۆران، قیمە و گۆشتى ئامادەکراویان قەدەغە کردووە، بۆیە هەر دوکان و فرۆشگایەک بەم شێوەیە بیفرۆشێت دەستى بەسەردا دەگرن.
وەک ئەوەى دۆڵەمەڕى باسى دەکات، دەبێت قیمە بەبەرچاوى کڕیارەوە دروست بکرێت، نەک کیلۆ کیلۆ کرابێت و ئامادە کرابێت.
“ئێمە لە خەمى هاوڵاتیان و گەشتیارانین بۆیە بەم جەژنە لە بازاڕ بڵاوبووینەتەوە، تەنانەت گەشتیاران پێیان سەیر بوو و وتویانە لە یەک شوێن بەم شێوەیە نەبووە”، وەفا سەیدخان واى وت.
لە سنوورى سۆران هاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بە دوو رێگاى ئاسان هاوکارى لیژنەکان بکەن، یەکەمیان پڕکردنەوەى فۆڕمى سکاڵایە کە لە رێگەى ئەم لینکەوە(https://forms.gle/tzvrWtTcpn3B7rT5A ) دەتوانیت سکاڵایان پێ بگەیەنیت، یان لە رێگاى ئەم ژمارە تەلەفونانەوە ئاگاداریان بکەیتەوە.
07502125544 قەزاى ناوەندى سۆران سۆران
07509683135 ناحیەى دیانا
07518946162 قەزای خەلیفان