كتێبه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه و ره‌واجی زۆری له‌سه‌ره
دوكتۆر مه‌حمود: به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زۆر غه‌دریان له كورد كردووه
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
سیاسه‌تمه‌داری ناودار و دێرینی كورد دوكتۆر مه‌حمود عوسمان له پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب به بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی یاده‌ورییه‌كانی و ئه‌نجامدانی كۆڕێك به‌شداریی كرد، راشیگه‌یاند، كورد یه‌كگرتوو بێت ده‌توانێت مافه‌كانی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 29.10.2026 له پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب، كتێبی “دكتۆر مه‌حمود، یاده‌وه‌ری و تێڕامان” دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر بڵاوكرایه‌وه و له لایه‌ن خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رده‌م خرایه‌ڕوو.
هاوكات هه‌ر له‌وێ كۆڕێكی ئه‌نجام دا سه‌باره‌ت به كتێبه‌كه‌ی، كه له لایه‌ن رۆژنامه‌وان عه‌بدولحه‌مید زێباری پێشكه‌ش كرا.
دوكتۆر مه‌حمود عوسمان، له كۆڕه‌كه‌یدا وتی، به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زۆر غه‌دریان له كورد كردووه، مه‌لا مسته‌فای بارزانی 10-12 له سۆڤیه‌ت بوو، خۆی ده‌یگوت شتێك نییه به ناوی كورد له ئه‌جێندای رووسیا، بۆیه ده‌یگوت هه‌وڵده‌ده‌م بزانم ئه‌مریكا چی ده‌كات، زۆر هه‌وڵیشی دا و ئێمه‌ش هه‌وڵمان دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بگه‌ینه ئه‌نجامێك، به‌ڵام ئه‌مریكا پشتی پێنابه‌سترێ.
وتیشی، ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان غه‌دریان له كورد كرد، چونكه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه بوو و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه بوو.
“داوا ده‌كه‌م كورد یه‌كگرتوو بێت و پێدابگرێ له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی و ده‌توانێت بیسه‌پێنێت”، دوكتۆر مه‌حمود وای وت.
هه‌روه‌ها له باره‌ی به‌شداریكردنی له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق باسی ئه‌وه‌ی كرد، “نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له به‌غدا له 2005 زۆر زه‌حمه‌ت بوو، هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌ویست مافی كورد كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئێمه پێداگربووین و ئه‌وكات مام جه‌لال سه‌رۆكی عێراق بوو، كاك مه‌سعود بارزانییش سه‌رۆكی شاندی كوردستان بوو، كه زۆر پێداگربوو، قسه‌كانی ئه‌مریكاشمان ره‌تكرده‌وه، كه په‌له‌یان بوو له ئاماده‌كردنی ده‌ستووره‌كه، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه كوردییه‌كان یه‌كگرتوو بووین و مافه‌كانی كوردمان له ده‌ستوور سه‌پاند”.
له باسێكی دیكه‌دا سیاسه‌تمه‌داری كورد دوكتۆر مه‌حمود وتی، كاتی خۆی له گفتوگۆیه‌كان له‌گه‌ڵ 1970 میدیای كوردی كاری سه‌ركرده كورده‌كانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك خۆی نه‌گواسته‌وه، كه كاری زۆر و گه‌وره ده‌كران و خه‌ڵك به باشی نه‌یانده‌زانی چی كراوه، بۆیه گله‌ییان ده‌كرد، به‌ڵام پێم وایه ئه‌وكات میدیای كوردی نه‌یده‌توانی هه‌واڵه‌كان وه‌كو خۆی بگه‌یه‌نێته خه‌ڵك.
“گفتوگۆكانی 1970و رێككه‌وتنی 11ی ئادار شتێكی باش بوو، سه‌دامیش زۆر پێی گرنگ بوو رێككه‌وتن بكرێ، به‌ڵام مشكله‌ی ئێمه ئه‌وه‌بوو، ده‌بوو حسابی میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین و كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێ و زیندانه‌كان ئازاد بكرێن و مافه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنین، بڕواشمان به به‌عس و سیاسه‌ته‌كه‌ی نه‌بوو، چوتنكه ئه‌وان خوێن‌ڕێژ و مرۆڤكوژ بوون، ده‌یانویست كورد پاڵپشتی سیاسه‌تی ئه‌وان بكات، به‌ڵام ئێمه نه‌مانكرد”، ئه‌مه‌ش به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دوكتۆر مه‌حمود بوو، له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ش قسه‌ی خۆی كرد.
دوای كۆڕه‌كه‌ش كتێبه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه، كه سێ به‌رگه و به چاپێكی جوان ئاماده‌كراوه، خوێنه‌رێكی زۆریش به‌ده‌وری ئه‌و پیاوه كۆبوونه‌وه و داوای واژۆكردنی كتێبه‌كه‌یان لێده‌كرد و ره‌واجێكی زۆر بۆ كتێبه‌كه هه‌بوو.
مه‌حمود عوسمان كێیه؟
مه‌حمود عه‌لی عوسمان، له 1938 له‌دایكبووه، لە زانکۆی بەغداد کۆلیژی پزیشکی بە پلەی یەکەم تەواو کردووە، نازناوی دکتۆری ھەڵگرتووە، لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەستی بە کاری سیاسی کردووە و پەیوەندی بە بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردەوە کردووە، له مێژووی كاری سیاسیی خۆیدا چه‌ندین پۆست و كاری گه‌وره‌ی له‌ئه‌ستۆ بووه، به تایبه‌تی له ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و له سه‌رده‌می مه‌لامسته‌فای بارزانیدا.
له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول، له‌گه‌ڵ چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی دیكه له 1979 بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالستی كوردستانیان دامه‌زراند و له 1980 خۆی بووه سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌كه.
له 1992 له دوای راپه‌ڕینی كوردستان، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا خۆی بۆ پۆستی رابه‌ری كوردستان كاندید كرد.
له دوای رووخانی رژێمی به‌عسیش له 2003 بووەتە ئەندام ئەنجومەنی کاتی بەڕێوەبردنی عێراق و ساڵێك دواتریش بووه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌ندامی تیمی كوردستان بوو له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق له 2005.
ئێستاش خانه‌نشینه و ژیانی ئاسایی خۆی به‌ڕێده‌كات.