بۆردومانکردنى سنوورى گوندى گوهەرزێ...وینە: سۆشیال میدیا
مانگى رابردوو زۆرترین بۆردومان ئەنجامدراوە
وەڵامى چەکدانانى پەکەکە چڕکردنەوەى بۆردومانەکان بووە لەلایەن تورکیاوە
وریا فەتاح
لەدواى ئەوەى پەکەکە ئاگربەستى راگەیاند، هێرشەکانى تورکیا بەڕێژەى 143% زیادیان کردووە، تەنیا لە مانگى رابردووشدا 510 هێرشیان ئەنجامداوە.
98%ـى هێرشەکان بۆ سنوورى ئامێدى بوون
تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT راپۆرتى مانگى ئایار (مانگى 5ـى 2025)ـى بڵاوکردەوە، بەپێى راپۆرتەکە بێت لەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژی 5ـی ئایار بۆ 7ـی ئایار، حزبەکە لە رۆژی 12ـی ئایاردا، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی خۆی راگەیاند و کۆتایی بەهەموو چالاکییەک لە ژێر ناوی پەکەکە هێنا.
وەک رێکخراوەکە باسى دەکات، سەرباری ئەو بەرەوپێشچوونانە، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان بە رێژەى 143% زیادیان کردووە کە تەواوى هێرشەکان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک چڕبوونەتەوە، لەوێش 98%ـى هێرشەکان کراونەتە سنوورى قەزاى ئامێدى و 2%ـى هێرشەکان بۆ سنوورى زاخۆ بوون.
کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى ئەو رێکخراوە ئەمریکییە بە 964ـى وت،”لە مانگى ئایاردا، تورکیا 510 هێرش و بۆردومانى بۆسەر ناوچە سنوورییەکانى هەرێم ئەنجامداوە کە 458 هێرشیان لە رێگەى تۆپبارانەوە بووە و 36 هێرشیان لە رێگەى فڕۆکەى جەنگى و 16 هێرش لە رێگەى هێلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراون.
“هیچ هێرش و بۆردومانێک بۆ سنوورى پارێزگاکانى( هەولێر، سلێمانى، هەڵەبجە، نەینەواو کەرکوک)، لەلایەن تورکیاوە لە مانگى 5ـى 2025، ئەنجام نەدراوە”، کامەران واى وت.
ئاشکراشى کردووە، ئەو رۆژەى پارتى کرێکاران لە 12ـى ئایار بڕیارى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى داوە، تورکیا زۆرترین بۆدومانى ئەنجامداوە کە 94 بۆردومان بووە.
هەر بەپێى داتاکانى رێکخراوى CPT، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا کۆتایى مانگى ئایار، تورکیا 1 هەزار و 14 بۆردومان و هێرشى هەلیکۆپتەرى بۆسەر کوردستانى عێراق ئەنجامداوە.
لە کۆى هێرشەکانى ئەمساڵ 3 هاوڵاتى مەدەنى گیانیان بەخشیوە و شەش هاوڵاتى دیکەش بریندار بوون
تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (CPT)، رێکخراوێکى ئەمریکییە و لقێکى لە کوردستانى عێراقە و بارەگاکەیان لە شارى سلێمانییە، لە بوارى بۆردومان و هێرشەکانى سەرسنوورى هەرێمى کوردستان کار دەکەن.